رووداو - هەولێر
لوبنان پێشوازی لە پێنج ملیۆن پەنابەری سووری کردووە، کە نزیکەی پێنج یەکی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانیش لەو وڵاتە فشارێکی ئابووری لەسەر لوبنان درووستبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری.
لە سەرتاسەری لوبنان، کچان و کوڕانی ئەو وڵاتە رۆژەکانییان بە جگەرەکێشان و یاری تاوڵە یاخود دانیشتن لەنێو ماڵەکانیاندا دەگوزەرێنن، بەشێکی زۆریان بەدوای کاردا دەگەڕێن، یەکێک لەو گەنجانە بەشی بەڕێوەبردنی هۆتێلەکانی خوێندووە و پێشتر لە هۆتێلی بەیروت کاری دەکرد و ئێستاش بێکارە و بەدوای کارێکدا دەگەڕێت.
نزمبوونەوەی رێژەی گەشتیاران لە لوبنان، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هۆتێلەکان درووستکردووە، کە لە رابردوودا سەرچاوەی سەرەکی کار بوو لەو وڵاتە.
عەلی عەبدوڵڵا، هاووڵاتییەکی لوبنانییە و دەڵێت " بەیانیان لەخەو هەڵدەستم و جلوبەرگ لەبەر دەکەم، وەکو هەر گەنجێکی دیکە، پەیوەندی بە هاوڕێکانم دەکەم بۆئەوەی لە شوێنێک کۆببینەوە، یاخود لە چ چایخانەیەک دابنیشین، ئێمە بێکار ماوینەتەوە، هیچ کارێک دەستناکەوێت، وە هیچ کارێک نییە بۆ ئەوەی داهاتووی خۆمی لەسەر بونیاتبنێم"
لە سەرەتای ئاداری ساڵی 2011 شۆڕس لە دژی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا دەستیپێکرد، لەو کاتەوە 250 هەزار کەس لە جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە کوژران و نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتەش ئاوارەبوون، کە زۆربەیان روویان لە وڵاتانی ئوردن ، تورکیا، لوبنان و عێراق کرد.
بەگوێرەی وتەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لوبنان، رێژەی بێکاری لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
رەشید درباس، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لوبنان دەڵێت" لە راستیدا، هیچ کەسێک پابەندی دەقە یاساییەکان نابێت، وا دەردەکەوێت کە خەڵکێک بوونەتە هاوبەش لە کارکردن، سەرۆکی کار زیاتر سوود لە کرێکارە هەرزانەکان دەبینێت، ئەمەش وادەکات بێکاری لەنێو گەنجانی لوبنان دروستبێت"
لە ئێستادا، بە یاسا کارکردن بۆ پەنابەرانی سووری رێکخراوە، ئەو یاسایە وا لە پەنابەران دەکات کە پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان ببەستن، یاخود ناچاریان دەکات کارێکی نافەرمی بە مووچەیەکی کەم بکەن.
هەروەک هاتنی بەلێشاوی سوورییەکان بۆ لوبنان، کرێی کاری لوبنانی و ئوردنییەکانی دابەزاند، وێڕای بەرزبوونەوەی کرێی خانو لە گەڕەکە هەژارنشینەکان و کرێی قوتابخانە و بنکە تەندرووستییەکان.
بەگوێرەی راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2015 بێکاری لە لوبنان بەڕێژەی 6.4 لەسەد بەرزبووەوە، واشدەبیندرێت کە هاتنی بەلێشاوی پەنابەرانی سووریا هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاریبن.
هەرچەندە ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 2016 بەردەستنین، بەڵام بەرپرسانی لوبنانی دەڵێن رێژەکە گەیشتووەتە 22%، لە کاتێکدا ئەو رێژەیە لەنێو گەنجاندا بۆ 30% بەرزبووەتەوە.


