رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بایکۆتەوە، لە سلێمانی بەشێک لە قوتابییانی قۆناخی سەرەتایی بە باشی فێری نووسین و خوێندنەوە نەبوون.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، قوتابییەکی پۆلی دووەمی بنەڕەتییە. دایکی هەوڵدەدات فێری زمانی کوردی بکات، چونکە بەهۆی بایکۆتەوە باش فێرنەبووە.
مامۆستا بەناز دەڵێت: "کوڕەکەم هاوشێوەی بەشێک لە هاوپۆلەکانی ناتوانێت بە باشی بخوێنێتەوە و بنووسێت، لەکاتێکدا پێویستبوو باشتربێت."
قوتابییەکە پۆلی دوو دەڵێت: "حەزم لێیە بەباشی فێری خوێندنەوە و نوسین بم."
بەناز تاهیر، دایکی قوتابی دەڵێت: "ساڵی رابردوو لە پۆلی یەک، چوار مانگ دەوامیان کرد و پیتەکانیان بەخێرایی خوێند و بەباشی فێرنەبوون. ئەم ساڵیش لە مانگی یازدەوە بایکۆتە و دووبارە فێرنەبوون، لەکاتێکدا دەبوو لە پۆلی دوو بەباشی نووسین و خوێندنەوەی خێرا بزانن، بەڵام خوێندنی خێرا و نووسین بەباشی نازانێت. من لە ماڵەوە هەوڵی لەگەڵ دەدەم ئەگەرنا ئەوەشی نەدەزانی."
ئاراس باوکی دوو قوتابیی پۆلەکانی سێ و چواری بنەڕەتییە. بەهۆی باش فێرنەبوونیانەوە، هەوڵیداوە لە پۆلی یەک و دوو بیانهێڵێتەوە، بەڵام نەیتوانیوە.
ئاراس عومەر دەڵێت: "چووم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە، لەوێ گوتیان بڕیاری وەزارەتی پەروەردەیە، دەبێت پۆلی یەک و دوو و سێ دەربچن، بۆیە بێئەوەی هیچ بزانن دەریانچاندن، ئەم ساڵیش ئەگەر هەروابێت هەوڵدەدەم بیانهێڵمەوە بەڵکو باشتربن."
لەگەڵ ژمارەیەک منداڵی دیکە گفتوگۆیەکمان کرد، کە قوتابی پۆلەکانی سێ تاوەکو شەشی بنەڕەتین، ئەمانیش کێشەیان هەیە.
مەیلی ئارام قوتابی، قوتابیی پۆلی چوارە و دەڵێت: "وانە ناخوێنین، زۆر دەمێکە لەماڵەوەین، مامۆستاکان بایکۆت دەکەن تاوەکو مووچە وەردەگرن."
لاوی ئاکار، قوتابی پۆلی شەشە و باس لەوە دەکات: "ئەم بایکۆتە وایلێکردووین شتمان بیربچێتەوە و زۆر فێرنەبین، وانەکانیش زۆر ناخوێنین."
لەرێ ئاکار، قوتابی پۆلی چوارە و دەڵێت: "خۆم هەندێجار باشم، بەڵام هاوڕێکانم نیوەیان باشن و نیوەیان خراپن."
مامۆستایەکی زمانی کوردی پاش بایکۆت لەرێگەی گرووپێکی ڤایبەرەوە وانە بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر مووچە هەبووایە لەنێو پۆل باشتر فێردەبوون."
رۆشن سیروان، مامۆستای ئەلفبێی کوردییە و ئاماژە بەوە دەکات: "هەموو ئەو پیتانەی نەمانخوێندوون جێیدەهێڵین بۆ ساڵی دواتر، مامۆستای پۆلی دووش ناتوانێت وەک ئێمە فێریانبکەن، بۆیە منداڵ قۆناخ بەقۆناخ بەنەخوێندەواری دەچێتە پۆلی دواتر."
ئێستا نەوەیەک خەریکە دەگاتە خوێندنی باڵا، کە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا بە بایکۆت و نیمچە بایکۆت خوێندنیان بەڕێکردووە.
دکتۆر محەممەد عەبدوڵڵا، شارەزا لەبەڕێوەبەردنی دامەزراوەی پەروەردەیی دەڵێت: "کە فیدباکی ئەم قوتابییانە وەردەگرینەوە دەردەکەوێت بۆشاییەکی گەورە لە فێرکردنیان هەیە و کاریگەریی گەورەی لەسەر پەروەردەکردنیشیان دروستکردووە، چونکە پەروەردە لە فێرکردن گرنگترە."
کێشەی سەرەکیی مامۆستایان ناجێگیریی کاتی دابەشکردنی مووچەیە کە ئەم ساڵیش تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو و مانگی یەکی ئەم ساڵ دابەشنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ