رووداو دیجیتاڵ
دیواری کۆنکریتی بە درێژایی 90 کیلۆمەتر لەسەر سنووری سووریا، لە شنگالەوە تاوەکو رەبیعە تەواو بووە. پاسەوانی سنووریی عێراقیش کارگەیەکی دروستکردنی دیواری کۆنکریتیی لە شنگال دامەزراندووە.
دیوارەکە لە شنگالەوە دەستپێدەکات و تاوەکو دەروازەی سنووری رەبیعە درێژدەبێتەوە.
عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تێچووی دروستکردن و دانانی ئەم دیوارە کۆنکریتییانە لەلایەن کارگەکەی خۆمانەوە، نیوەی ئەو بڕەیە کە کۆمپانیاکان و بەڵێندەرەکان دەیکەن."
بەگوێرەی قسەکانی عەمید کەرخی، تائێستا زیاتر لە 260 کیلۆمەتر دیواری کۆنکریتی لەسەر سنووری عێراق - سووریا دانراوە و پلانیان هەیە درێژییەکەی بگەیێننە 400 کیلۆمەتر.
هەروەها گوتی، تەواوکردنی ئەم 90 کیلۆمەترە بە تەواوی لە رێگەی هەوڵ و بازووی کارمەندەکانیانەوە بووە و بەردەوام دەبن لە دروستکردن و دانانی دیواری کۆنکریتی.
عێراق و هەرێمی کوردستان 612 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ