رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 13 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان هەروەها سەرجەم ئاوارەکانی کەمپی هەرشەم لە شاری هەولێر گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵی رابردوو، نزیکەی 13 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، کە ژمارەیان زیاتر لە 100 هەزار کەس بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، ئێستا پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەهۆی وەرزی سەرما و دەستپێکردنی خوێندنەوە وەستاوە.
21 کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون، پێنجیان لە هەولێر و 16ـیان لە دهۆکن.
عەلی عەباس گوتی "بەم نزیکانە ژمارەیەک کەمپ دادەخرێن و هەندێکیشیان تێکەڵ دەکرێن. ئێستا کەمپی هەرشەم لە هەولێر چۆڵکراوە و بەمنزیکانە بە فەرمی رادەگەیێندرێت کە داخراوە."
بەپێی قسەی عەلی عەباس، نزیکەی 21 هەزار خێزانی ئاوارە هێشتا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دا ماون، نزیکەی 18 هەزار و 500ـیان لە دهۆک و 2 هەزار و 500 ـیشیان لە هەولێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ