رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نەیگوتووە هێزەکانیان لە سووریا دەکشێننەوە، "نازانم سەرچاوەی ئەم هەواڵە کێیە".
دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممە، 30-1-2025، لە وەڵامی چەند رۆژنامەڤانێکدا لە کۆشکی سپی، ئەو قسانەی کرد.
ئەو هەروەها گوتی کە بڕیارێک لەبارەی چارەنووسی هێزەکانیانەوە لە سووریا دەدەن کە بمێننەوە یان نا.
سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی رەتیکردەوە کە باسی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا کردبێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەکەی سەیری پرسی مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا دەکات و ''لەو بارەوە بڕیار دەدەن'' بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کەی و چۆن ئەو بڕیارە دەدەن.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد کە ئەوان لەو رووداوانەی لە سووریا روویانداوە بەشدار نەبوون، ''سووریاییەکان خۆیان لەو دۆخەی ئێستا بەرپرسن و پەیوەندی بە ئەمریکاوە نییە و ناشیانەوێت ئەمریکا لەم دۆخەوە بەشداربێت".
قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە دوای ئەوە هات کە لە چەند رۆژی رابردوو، ژمارەیەک میدیای تورکیا و ئیسرائیل هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بەپرسانی ئیسرائیلی گوتووە، نیازی هەیە هێزەکانیان لە سووریا بکشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ