رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، "پێشێلکاریی مافی مرۆڤ" لەنێو زیندانی ئاسایشى رانیە هەیە و رێگریی لە سەرۆکی دەستەکەیان کراوە و رێگەیان پێنەداون بچنە نێو زیندانەکەوە.
پێنجشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی لە رێگەی پەیوەندیی تایبەتەوە لەتۆڕی کۆمەڵایەتییەوە ئاگادارکراینەوە لەبوونی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەنێو زیندانی ئاسایشى رانیە، بۆ ئەو مەبەستە و بەدواداچوونی راستەوخۆ، رۆژی پێنج شەممە شاندێکی دەستە کە راستەوخۆ سەرۆکی دەستە خۆی سەرۆکایەتیی کرد گەیشتنە رانیە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە راستییەکان بزانن."
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوەش دەکات، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی راپەڕین روودانی سەرپێچییەکانى پشتڕاستکردووەتەوە و پێیراگەیاندوون، "رێکارى یاسایى لەگەڵ ئەنجامدەران گیراوەتەبەر، بەڵام لەکاتێکدا ویستمان خۆمان سەردانی زیندانەکانی ناو ئاسایش بکەین، بەداخەوە رێگەیان نەدان بچنە نێو باڵەخانەی ئاسایشەوە یان تەنانەت لە نزیکیشەوە رێگەیان نەدا وێنەبگرین."
دەستەکە دەڵێت، شاندەکەیان نەیانتوانیوە هیچ شتێك لەبارەى دۆخى زیندانییەکانەوە بزانن. "ئەوە لەکاتێکدا بەپێی یاسا و رێنماییەکان ئەرکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە بەدواداچوون بۆ پێشیلکارییەکان بکات لەهەرکوێ بێت، لەسەر دامودەزگاکانی هەرێمە هاوکاربن و ئاسانکاری بکەن بۆ تیمەکانی دەستە و نابێت رێگر بن."
دەستەی مافی مرۆڤ پێیوایە، ئەو رێگریی کردنە لە سەرۆکی دەستە، "پێشهاتێکی خراپە و تەواو پێچەوانەی ئەرک و پابەندییەکانی ئەو دەزگایەیە بەرامبەر سەرۆکی دەزگایەکی باڵای سەربەخۆی هەرێمی کوردستان."
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرکۆنەی رێگرییەکان دەکات و دەڵێت، "هیوادارین لایەنی بەرپرس بەدواداچوونی جیدی و لێکۆڵینەوە بکات، ئەوەشی لە نێو ئەو زیندانانە روودەدات لە هەر حاڵەتێکی پێشێلکاری کە بەداخەوە نەمانتوانی بەدواداچوون بکەین، ئەوە لەئەستۆی خۆیاندایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ