رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەرەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان داواکارییەکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد بۆ بەستنی کۆنگرە، سەرچاوەیەکی باڵا لە گردی زەرگەتەوە بە رووداوی گوت، "کۆمیسیۆن داواکارییەکەی بەرەی کوردساتی رەتکردووەتەوە."
رۆژی چوارشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، داوایەکی بەرەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەستنی کۆنگرەی گشتیی لە 2ـی شوباتی ئەم ساڵ هەڵپەساردووە، بەهۆی ئەوەی کە بەرەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە تانەیان لە داواکارییەکە داوە.
لە نووسراوەکەی کۆمیسیۆندا هاتووە، پەلە نەکرێت لە بەستنی کۆنگرە لەو رێککەوتەدا، بە گوێرەی ئەو داوایەی کە لە دەستەی گشتیی حیزبەکەوە نێردراوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی گردی زەرگەتە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە تانەی بەرەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکەمان کۆمیسیۆن بەستنی کۆنگرەی لەو کاتەدا رەتکردووەتەوە، چونکە دەیانویست بەبێ گردەکە کۆنگرە بکەن."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "رۆژی 20ـی 1ـی 2024، بزووتنەوەکەمان کۆنگرەیەکی بەست بەڵام دواتر لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئەنجامی کۆنگرەکە رەتکرایەوە، ئەویش لەبەر هەڵنەبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی، دانەنانی پەیڕەوی ناوخۆ و نەبەستنی کۆنگرەی دامەزراندن، ئێمە ئاگادارین لە 22ـی هەمان مانگدا کۆمیسیۆن رەتی کردبووەوە بەڵام هەندێک کەس ئەو بابەتەیان شاردبووەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەى نووسراوێک کە فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بەکۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە 30ـی کانوونى یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ بزووتنەوەى گۆڕانى ناردووە، ئاماژەى بەوەداوە، بەهۆى ئەوەى لە دواى تۆمارکردنى پارتەکەیانەوە لەو فەرمانگەیە، کۆنگرەى گشتییان نەکردووە، داوایان لێدەکات ئەو کۆنگرەیە بە گوێرەى ماوەى یاسایى ببەستن.
کۆمیسیۆن لە نووسراوەکەی دا بۆ بزووتنەوەى گۆڕان ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر لەو ماوە یاساییەى دیاریکراوە کۆنگرەى گشتى نەکەن، رێوشوێنى یاسایی لە دژیان دەگیرێتەبەر و داواشی لێکردوون کە هەندێک گۆڕانکارى لە پەیڕەوى ناوخۆیاندا بکەن کە هاوتا بێت لەگەڵ یاساى پارتە سیاسییەکانى عێراق.
کێشەکانی نێوماڵی بزووتنەوەی گۆڕان و دوو بەرە بوونی بزووتنەوەکە دوای ئەوە زەق بوونەوە، رۆژی 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە سازکرد، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە، رۆژی هەینی 27-09-2024 دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کە لە بەرەی گردی زەرگەتەن ئاماژە بەوە دەکەن، "رێکخەری گشتی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە و پێش سێ ساڵ لە 13-10-2021 لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیێندراوی رەسمییان بڵاوکردەوە. لە هەمان کۆبوونەوەدا جڤاتی نیشتمانی لە راگەیێندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشییان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان قبووڵ کرا. لەسەر ئەو بنەما دەستوورییە ئەو وەکالەتە نادەستوری و نایاساییە".
ئەوەشیان گوتووە، "رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کاتێک رێکخەری گشتی بوو، وەکالەتی تایبەتی بۆ کاروباری کۆمیسیۆن کردەوە. نەک کەسێک بە وەکالەت بکات بە رێکخەری گشتی. بەکارهێنانی هەر بەراوردکارییەک بۆ چەواشەکاری و داپۆشینی فەزاحەتێکی گەورەیە".
بەپێى رەشنووسى دەستوورە نوێیەکە، جڤاتى نیشتمانى دەگۆڕێت بۆ ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و ژمارەى ئەندامانى لە 53 کەسەوە کەم دەکرێتەوە بۆ 25 کەس، هەرچى جڤاتى گشتییە، دەکرێتە ئەنجوومەنى راوێژکارى و نابێت ژمارەى ئەندامانیان لە 25 کەس تێپەڕ بێت، رێکخەرى گشتى بە دەنگى ئەندامانى کۆنفرانس هەڵدەبژێردرێت.
لە گۆڕانکارییەکانى دیکە کە لە رەشنووسى دەستوورە نوێکەى گۆڕان کراوە، ئەوەیە ژوورەکانى ئەو بزووتنەوەیە لە 13 ژورەوە کەم دەکرێنەوە بۆ پێنج ژوور، مەکۆکانیشى لە 27ـەوە دەکرێنە نۆ مەکۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ