دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کەمپێکی ئاوارەکانی رۆژهەڵات کرا

30-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کامپی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بناری چیای کۆڕەک کراوە، بەڵام تێکشکێنراوە.
 
پێنجشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2025، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "کاژێر 17:40ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کامپی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بناری چیای کۆڕەک لە سنووری پارێزگای هەولێر کرا."
 
دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، "درۆنەکە ئامانجی خۆی نەپێکا، تێکشکا و کەوتە خوارەوە، هیچ زیانێکی نەبووە."
 
هاوکات، خدر بەگ، کە فەرماندەیەکی باڵای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە دووری نزیکەی 5 بۆ 6 کیلۆمەتر لە کەمپی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانین درۆن بووە یاخود نا."
 
ئەو فەرماندەیەی حیزبی دیموکرات گوتیشی، "هێشتا رووداوەکەمان بۆ روون نەبووەتەوە و ناتوانین هیچ وڵاتێک بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار بکەین."
 
سەرچاوەیەک لە بنکەی ئاسایشی خەلیفان بە رووداوی گوت، "لەلایەن خەڵکەوە پێیان گوتراوە دەنگی تەقینەوەیەک لەو سنوورە هاتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمیمان لەو بارەیەوە دەستنەکەوتووە و لێکۆلینەوەمان لەسەر رووداوەکە دەستپێکردووە."
 
19ی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان بۆ هاوئاهەنگی لە پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوانیان واژۆ کرد. لە دوای ئەو رێککەوتنە ئەمنیەوە، هەریەکە لە ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران لە سێ کەمپدا کە بە 'کەمپی مەدەنی' دەناسرێت، لە ناوچەی بالیسانی بناری چیای کۆڕەک جێگیرکران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە