داوا لە 64 سەوزەفرۆشی پردێ دەکرێ دووکانەکانیان چۆڵبکەن؛ 'چۆڵی ناکەین'

30-01-2025
عەدنان رەشید
بەرهەمی سەوزەفرۆشێک لە پردێ؛ وێنە: رووداو
بەرهەمی سەوزەفرۆشێک لە پردێ؛ وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

64 سەوزەفرۆش لە پردێ ئاگادارکراونەتەوە کە دووکانەکانیان چۆڵبکەن، ئەوانیش رەتیدەکەنەوە و دەڵێن، "چۆڵی ناکەین". بەڕێوەبەری ناحیەکەش بۆ چارەسەری کێشەکە پەنا بۆ پارێزگاری کەرکووک دەبات.

دووکانەکان دوای ساڵی 2003 لەسەر شەقامی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک دروستکراون. ساڵانێکی زۆریشە بوونەتە شوێنێک بۆ بازاڕیکردنی زۆربەی رێبوارانی ئەو رێگە سەرەکییە. ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو دووکانانە لابدرێن.
 
6ـی مانگی داهاتوو دەبێت دووکاندارانی سکاڵالێکراو لەبەردەم دادگەی پردێ ئامادەبن. ئەکرەم عومەر، دووکاندار، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "دووکانەکانمان رێگەی هاتووچۆی نەگرتووە، پێشتر بانگیان کردین بکشێینەوە، کشاینەوە. ئێستا دیسان بانگیان کردووین و سکاڵایان لەسەر کردووین. هەر دووکانێک بژێوی دوو یان سێ خێزانی لەسەرە. 23 ساڵە لەو شوێنە کاردەکەین. شوێنی بەدیلمان نییە و چۆڵی ناکەین."
 
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک چووەتە لای سەوزەفرۆشانی پردێ و بەدواداچوونی بۆ کێشەکە کردووە. شاکر شاسوار، 12 ساڵە دووکانی سەوزەفرۆشی لەسەر رێگە سەرەکییەکە هەیە، بە هەردی محەممەدی گوت: "هۆشداریمان بۆ دێ دەبێ دووکانەکانمان چۆڵبکەین و دایبخەین و لە کار و کاسبیمان دەکەن. داواکاریمان لە حکومەت ئەوەیە هاوکاریمان بکات، هەر دووکانێک بژێوی سێ خێزانی لەسەرە."
 
 
هەریەک لە شارەوانیی پردێ، رێگەوبان، خانووبەرەی کەرکووک و بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، شوێنی دووکانداران بە "زێدەڕۆ و نایاسایی" ناودەبەن.
 
موتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، لە بەرپرسیار، گوتی: "بەشێکی ئەو دووکاندارانەی لە دادگەوە بانگهێشتکرابوون و چووبوونە بەردەم دادوەر و گوتبوویان بۆ هەندێک ناویان نییە و بانگ نەکراون، دادگەش داوای ناوی هەموویانی کردووە. دادگە 'واقع حال'ـی ئەمانە لەبەرچاو دەگرێ. دادگە هەوڵ دەدات رێگەچارەیەک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە و داوای نوێنەرانی یاسایی شارەوانی و رێگەوبانی کەرکووکی کردووە."
 
دووکانداران رەتیدەکەنەوە شوێنەکە چۆڵبکەن. رێباز رەفیق، دووکاندارێکی دیکەیە لە پردێ باس لەوە دەکات: "دووەم جارە لە دادگە بانگ دەکرێین. برایەکم دەستگیرکرا و بە کەفالەت ئازادبوو، تەنیا کۆشکێکمان هەیە لە چوار چینکۆ پێکدێ و کاسبی خۆمان و سەوزەفرۆشی خۆمان دەکەین. دووکانەکەم بژێوی چوار خێزانی لەسەرە. 12 مەتر لە شەقامی سەرەکی کشاوینەتەوە، هەر واز ناهێنن."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ رایگەیاند: "شارەوانیی پردێ سکاڵاکەی دەکشێنێتەوە، بەڵام فەرمانگەی خانووبەرە و رێگەوبانی کەرکووک وەک سکاڵاکار دەمێننەوە. پێویستە لیژنەیەک لە شارەوانی، رێگەوبانی کەرکووک و نوێنەری دارایی کەرکووک پێکبهێندرێ بۆ چارەسەریی کێشەکە. منیش بە نووسراوی فەرمی داوا لە پارێزگاری کەرکووک دەکەین لیژنەیەک بۆ چارەسەریی کێشەکە پێکبهێنێت، داواش دەکەین رێکارە یاساییەکان سەبارەت بەو بابەتە بوەستێندرێن تاوەکو چارەی کێشەکە دەکرێت."
 
پێشووتریش لە 2007 شارەوانیی پردێ داوای لە دووکانداران کردبوو 12 مەتر لە شەقامە سەرەکییەکە بکشێنەوە، بەڵام وەک دووکانداران باسیدەکەن، سەرەڕای کشانەوەیان، ماوەی دوو مانگە سکالایان لەسەر تۆماردەکرێت.
 
بڕیاربوو هەر لە 2007 شوێنێکی تایبەت بۆ سەوزەفرۆشانی پردێ لە پشت شوێنی خۆیان بۆ دابین بکرێت، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ دەڵێت، "نازانم" بۆچی جێبەجێ نەکرا.
 
ئەو دووکانانەی دەکەونە سەر شەقامی سەرەکیی هەولێر- کەرکووک بریتین لە سەوزەفرۆشی، مارکێت، هۆڵ، کۆگە. هەر دووکانێک بژێوی زیاتر لە سێ خێزانی لەسەرە. سەرجەم خاوەن دووکانەکانیش لە کوردانی ناحیەی پردێ و سنوورەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە