رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاوردەکردنی پەتاتە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ قەدەخە کراوە. دەشڵێت، "پەتاتە ئەوەندە زۆرە کێشەی بەبازاڕکردنی هەیە."
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمهێنانی پەتاتەی هەرێمی کوردستان لە لووتکەیە، پێداویستی نێوخۆ و بەکارهێنانی بۆ پیشەسازی بەزیادەوە پڕ کردووەتەوە."
بەرهەمی ساڵانەی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان 600 هەزار تۆنە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ئێستا کێشەی بەبازاڕکردنی پەتاتەمان هەیە، چونکە زیاتر 300 هەزار تۆن لە بەرهەمی نێوخۆ زیادە."
دووەم جارە قەدەخەی هاوردەکردنی پەتاتە درێژدەکرێتەوە. هیوا عەلی گوتی، "لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆ، دووبارە هاوردەکردنی قەدەخە کرایەوە، بۆ هەموو وەرزەکان هەمانە و پێویستمان بەوە نییە هاوردەی بکەین."
ئەمە لە کاتێکدایە پار نزیکەی 40 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کراوە. هەندێکیشی هەناردەی ئەفریقا کراوە.
بەپێی ساڵنامەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاوردەکردنی پەتاتە بە هەموو شێوەیەک قەدەخە بوو. دواتر بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆ تاوەکو 31ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە، لە دوایین جار دووبارە درێژکرایەوە تاوەکو کۆتایی 2025. بەگوتەی وەزارەتەکە، هەر پەتاتەیەک لە بازاڕ دا هەبێت، بە قاچاخ داخڵ بووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پار لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ