رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە دەڵێت، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 225 مامۆستا و فەرمانبەر خانەنشین دەبن و ئەمەش "کاریگەریی خراپ و بۆشایی" لە کەرتی پەروەردەی سنوورەکە دروست دەکات.
شۆڕش حاجی، سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردەیی و جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد رایگەیاند، بڕیارەکە "کاریگەرییەکی گەورە" لەسەر دۆخی پەروەردە دروست دەکات.
بە گوتەی شۆڕش حاجی لەپێش بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان "کێشەی کەمی فەرمانبەر، مامۆستا و کارگوزار"یان هەبووە: "ئێستا ئەگەر ئەوانە خانەنشین بکرێن بۆشاییەکی زۆر گەورەمان بۆ دروست دەبێت".
بە گوێرەی نووسراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 2025 دەرچووە، ئەو بڕیارە لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ژمارە 259ـی 3ـی 7ـی 2024، بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 312ـی دادگەی فیدراڵیی عێراق، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دراوە.
بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەت، هەر فەرمانبەرێک بە رۆژ و مانگ تەمەنی 60 ساڵی تەواوکرد، دەبێت دەستبەجێ مامەڵەی خانەنشینی بۆ بکرێت.
ماوەی چەند رۆژێکە جارێکی دیکە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، بایکۆتی بەشێک لە مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە دەستیپێکردەوە. و شۆڕش حاجی هۆشداری دەدات و دەڵێ،" زۆربەی قوتابخانە و باخچەکانی منداڵان بۆ پشتگیری لە هاوپیشەکانیان لە سلێمانی، دەستییان بە بایکۆت کردووە، رەنگە ئەگەر تاوەکو یەکشەممە یان دووشەممە مووچە نەدرێت ببێتە سەرتاسەری".
جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە لەبارەی کەمی باڵەخانەی قوتابخانە لە سنوورەکەیان دەڵێت، "بەهۆی قەیرانی داراییەوە 14 ساڵە لەم سنوورە هیچ باڵەخانەیەک دروستنەکراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژمارەی قوتابییان لە پۆلێکدا دەکات، هەموو باڵەخانەکانمان کۆنن، هەموویان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە، تەنیا سێ باڵەخانە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراون".
شۆڕش حاجی هەروەها گوتی، "لە 52 گەڕەکی رانیە تەنیا 7 باخچەی منداڵان هەیە، کە ئەمە لە هیچ سیستمێکی دونیادا نییە، پێویستە هەر دوو تاوەکو سێ گەڕەک باخچەیەکی منداڵانی هەبێت، باڵەخانەکان کۆنن و جێگەیان کەمن، هەندێ قوتابخانە سێ دەوامی هەبووە تاوەکو ساڵی رابردوو. سێ قوتابخانە لە سنوورەکەمان لە نێو کابینەدان، لە هەندێ گوند هەر قوتابخانە نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ