رووداو دیجیتاڵ
پەنابەرێکی کوردی هەرێمی کوردستان لە دووکانەکەی خۆیدا لە سوێد بە گولـلە کوژرا. بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری کوشتنەکە تێوەگلانی کوڕەکانییەتی بە باندێکی تاوانکارییەوە. رۆژنامەیەکی سوێدیش دەڵێت، تۆمەتبارەکە تەمەنی 35 ساڵە و دەستگیرکراوە.
رووداوەکە ئێوارەی چوارشەممە لە گەڕەکی هوسبی لە ستۆکهۆڵم روویداوە. ئەو کەسەی کوژراوە ناوی هێرش هاشم عەزیزە و خەڵکی شاری سلێمانییە و تەمەنی نزیکەی 65 ساڵە.
هێرش کە لەنێو کوردی سوێد بە حاجی هێرش دەناسرێت، فرۆشگایەکی هەبووە و لەو فرۆشگەیەدا تیکتی فڕۆکەشی فرۆشتووە. رۆژنامەڤانێک لە سوێد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حاجی هاشم خۆی کەسێکی بێ کێشە بووە، ئەوەی بووە هۆکاری کوشتنەکەی تێوەگلانی کوڕەکانییەتی بە باندەکانی تاوان و هۆشبەرەوە".
حاجی هێرش باوکی دوو کوڕ بوو بە ناوەکانی دیاکۆ و شاد، لە رووداوێکی هاوشێوەدا هەر لە ستۆکهۆڵم، شادی کوڕی کە لە دایکبووی 14-04-1992 بوو، رۆژی 05-06-2018 لەلایەن گرووپێکەوە لە بازاڕێکی ستۆکهۆڵم بە دەمانچە کوژرا.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، کوڕەکەی دیکەی حاجی هێرش بەناوی دیاکۆ، بەهۆی "تێوەگلان لە باندەکان"دا لە سوێد حوکم دراوە و لە زیندانە.
بە گوتەی رۆژنامەڤانەکەی سوێد بۆ رووداو، "دیاکۆی کوڕی حاجی هێرش بەهۆی تێوەگلان لە باندەکان و کوشتنی کەسێکەوە حوکم دراوە، شادی کوڕی کە کوژراوە زیاتر بە هۆکاری براکەی کوژراوە؛ چونکە گرووپەکان دەستیان بەو کوڕە نەگەیشتووە بیکوژن لە زینداندا. دوێنێش هەر ئەوان باوکیان کوشتووە".
رەنج پشدەری، رۆژنامەڤانی کورد لە ئەورووپا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حاجی هێرش لەلایەن کەسێکەوە لەنێو دووکانەکەیدا بە چەک کوژراوە، چونکە پۆلیس لەو شوێنە بووە دەستبەجێ بکوژ دەستگیرکراوە".
هەروەها رۆژنامەی ئێکسپرێشنی سوێدی نووسیویەتی، "کوژراوەکە مامی رەوا مەجید، سەرکردەی تۆڕی فۆکسترۆتە".
رەوا مەجیدی تەمەن 37 ساڵ، سەرۆکی تۆڕێکی قاچاخچیی مادەی هۆشبەرە بە ناوی فۆکسترۆت و لە سوێد بە "رێوییە کوردەکە" بەنێوبانگە.
دانیێل ڤیکداڵ، گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەی ستۆکهۆڵم رایگەیاندووە: "کاژێر 15:27 ئاگادارکراینەوە، هەم لە لایەن هاووڵاتییانەوە و هەم لە لایەن یەکێک لە گەشتییەکانمانەوە کە لە شوێنەکە بوون و گوێیان لە تەقە بووە".
بەگوێرەی رۆژنامەی ئێکسپرێشن، پۆلیس بکوژەکەی دەستگیرکردووە، کە تەمەنی 35 ساڵە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە پۆلیس دەڵێت: "روون نییە ئەم تاوانە بۆ روویداوە. بەڵام لە ئەزموونەوە دەزانین کە تاوانی قورسی لەم جۆرە دەکرێت رووداوی دیکەی بەدواوە بێت".
بەگوێرەی رۆژنامە سوێدییەکە، تۆمەتبارەکە پێشتر بە تاوانی جیا سزادراوە و ئازاد بووە و لە زیندانیشدا کەسێکی "تووندوتیژ" بووە.
هاوکات میدیای SVTـی سوێدی رایگەیاند: "پیاوەکە {حاجی هێرش} مامی رەوا مەجید بووە، کە سەرکردەی تۆڕی تاوانکاری فۆکسترۆتە. چەندین کەس لە نزیکەوە گوێیان لە تەقەکان بووە، لەوانە چەند پۆلیسێک کە لە ناوچەکە بوون".
بەگوتەی پۆلیسی ستۆکهۆڵم، تۆمەتبارەکە لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تەقەی لە پۆلیس کردووە، بەڵام هیچ پۆلیسێک لە رووداوەکەدا گولـلەی بەرنەکەوتووە.
کەناڵە سوێدییەکە رایگەیاندووە: "مەترسی تووندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر کەسوکاری ئەندامێکی گرووپە تاوانکارییەکان".
رۆژنامەڤان رەنج پشدەری، کە بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە دەڵێت: "ئەوە راست نییە و بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە، خزمایەتی لەنێوان رەوا مەجید و حاجی هێرشدا نەبووە".
هوسبی یەکێکە لە گەڕەکەکانی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد و زۆرترین رووداوەکانی کوشتن و تاوانی تایبەت بە هۆشبەر لەو گەڕەکە روودەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ