هەڵەبجە بێ پارێزگارە؛ دوو ژن و پیاوێک بۆ وەرگرتنی پۆستەکە بەربژێرن

30-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگارێک و دوو جێگر لە هەڵەبجە، هیچیان لە پۆستەکەیاندا نەماون. ناوی سێ کەس دەهێندرێت تاوەکو پۆستی پارێزگار وەربگرن، لەوانە دووانیان ژنن. لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیش لە سنوورەکە دەڵێت، "نوخشە ناسیح پۆستەکە بەڕێوەدەبات تاوەکو کەسێک بە فەرمی دیاری دەکرێت".
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەدایکبووی ساڵی 1963 و شاهین رەزا، جێگری پارێزگار لەدایکبووی 1964 بەهۆی بڕیاری وەزارەتی داراییەوە خانەنشین بوون. هەروەها جێگرەکەی دیکەی پارێزگار کاوە عەلی بوو، کە ئەویش بەهۆی بوونی بە پەرلەمانتار، دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.
 
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 26ـی ئەم مانگەوە من و پارێزگار دەوام ناکەین و هیچ واژۆیەکمان نەکردووە".
 
لەبارەی دانانی کەسێک بۆ جێگرەوەیان، شاهین رەزا گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا دەنگۆ هەیە و بەفەرمی هیچ کەسێک پۆستی وەرنەگرتووە".
 
لەنێو ئەو کەسانەیدا ناویان دەهێندرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و مەهاباد کامل، سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە هەیە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە نوخشە ناسیح یەکلابووەتەوە.
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ بابەتێکی فەرمی نییە و پارێزگار دەستنیشان نەکراوە، پێدەچێت لە یەکشەممە و رۆژانی دواتر وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانێک پارێزگار دیاری بکات".
 
عومەر حاجی ئەحمەد، لێپرسراوی مەڵبەندی 9ی شارەزوور ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە گوێرەی یاسا نوخشە ناسیح کارەکانی پارێزگار بەڕێوەدەبات تاوەکو کەسێک بە فەرمی دیاری دەکرێت".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بابەتێکی فەرمیمان بۆ دانانی پارێزگاری هەڵەبجە لە بەردەستدا نییە".
 
هەڵەبجە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە. ناوەندەکەی کە قەزای هەڵەبجەیە، یەکێکە لە کۆنترین قەزاکان، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆرەک تیلیکۆم.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم: 1.2 ملیار دۆلار قەرزمان بەسەردا سەپێندراوە

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت، ''دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار قەرزی بەسەردا سەپاندووین''؛ دڵنیاییش دەداتە بەشداربووان لە هەرێمی کوردستان، کە خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک بەبێ گرفت بەردەوام دەبن.