بەڕێوەبەری دانە گاز: پرۆژەی گازی کوردستان ئاسایشی نیشتمانییە و پەیوەندیی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە

30-01-2024
هیدایەت جان
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانە گاز لە عێراق پرۆژەی گازی کوردستان بە پرۆژەی ئاسایشی نیشتمانی وەسفدەکات و دەڵێت، پەیوەندیی بە ژیانی شەش ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، هاوکات دەڵێت ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کارمەندیان هەیە، کە سەرووی 80٪ـیان کوردن.
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024، شاکر واجید شاکر، بەڕێوەبەری دانا غاز لە عێراق میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو و رایگەیاند: "ئێستا بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بە هەمان قەبارەی پێش هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووە و رۆژانە زیاتر لە 500 ملیۆن مەتری سێجا گاز بەرهەمدەهێنین".
 
تاوەکو ئێستا چەندین جار بە مووشەک و درۆن هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، شاکر واجید دەڵێت: "یەکەمجار لە 22-6-2022 هێرشکرایە سەر کێڵگەکە و لە ماوەی چوار رۆژدا سێ جار هێرشیان کردە سەر، دوایین هێرشیش رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو بوو، ئەمجارەیان کاریگەرییەکەی زیاتر لە جاران بوو، بەڵام توانیمان لە کەمتر لە 24 کاژێر کێشەکە چارەسەر بکەین و دەستمان بە بەرهەمهێنانەوەی گاز کرد".
 
بەڕێوەبەری دانە گاز لە عێراق گوتی: "بەهۆی هێرشەکانی پێشووەوە، رێکارەکانمان بۆ ئامادەباشی لە ئەگەری هەر هێرشێک هەبوو، بۆیە ئەمجارەیان کە هێرشەکە کرا، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستبەکاربوون و لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین".
 
بە گوتەی شاکر واجید؛ ئێستا بە هەمان قەبارەی بەر لە هێرشەکە گاز بەرهەمدەهێنن کە رۆژانە زیاتر لە 500 ملیۆن مەتری سێجایە. لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو باسی لەوە کرد تیمەکانیان ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی کۆی زیانەکانن و دوای ئەوەی راپۆرتی کۆتاییان ئامادەکرد، بە فەرمی قەبارەی زیانەکان رادەگەیێنن.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کرد، لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکبهێندرێت و داوای کرد بە زووترین کات سەرچاوەی هێرشەکە بدۆزرێتەوە و رووبەڕووی رێکاری یاسایی بکرێتەوە.
 
لەبارەی کارەکانی ئەو لیژنەیە شاکر واجید گوتی: "دانە گاز و کۆمپانیای نەوتی هیلال لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە پێنج کۆمپانیان، گرێبەستمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکردووە و بەرپرسیارێتیی ئەمنیی کێڵگەکان لە ئەستۆی ئێمە نییە، ئێمە زۆر ناچینە نێو وردەکارییە ئەمنییەکانی چۆنیەتی لێپێچینەوە و دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەکان، بەڵکو بەجێمانهێشتووە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
بەڕێوەبەری دانە گاز لە عێراق پرۆژەی گازی کوردستان بە پرۆژەی ئاسایشی نیشتمانی ناودەبات و دەڵیت: "ئەو پرۆژەیە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، بینیمان کاتێک کێڵگەی کۆرمۆر وەستا، هەرێمی کوردستان توانی یەک کاژێر کارەبا بداتە هاونیشتمانیان، جگە لەوەش رۆژانە هەزار و 100 تۆن گازی ئێڵ پی چی بۆ ماڵان و کەرتی پیشەسازی بەرهەمدەهێنرێت، هێرشکردنە سەر ئەو کێڵگەیە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی شەش ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دادەنێت".
 
شاکر واجید گوتی: "ساڵی 2008 بۆرییەکمان بە درێژایی 80 کیلۆمەتر بە قەبارەی 24 ئینج لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە راکێشا بۆ چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە دووانیان لە سلێمانین و دووانیشیان لە هەولێرن، ئەو چوار وێستگەیە دوو هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن".
 
لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە قۆناخ بەرهەمهێنانی گاز بەرزکراوەتەوە، بەگوێرەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەکە بەم شێوەیە، سەرەتا گازی شلی ماڵان و گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابینبکرێت، کاتێک ئەو پێداویستییە پڕبووەوە، زیادەکەی بخرێتە خزمەت کەرتی پیشەسازیی لە هەرێمی کوردستان، وەکو بەڕێوەبەری دانە گاز لە عێراق ئاماژەی پێدەدات؛ "ئێستا تەنیا بۆ کەرتی پیشەسازی لە ناوچەی بازیان رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن مەتر سێجا گاز پێویستە".
 
شاکر واجید دەشڵێت؛ "گرێبەستی دانە گاز لەگەڵ هەرێمی کوردستان ساڵی 2049 کۆتایی پێدێت، ئێستاش لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار کارمەندمان هەیە کە زیاتر لە 80٪ـیان کوردن و دەمانەوێ ژمارەی کارمەندانی خۆماڵی زیاتریش بکەین".
 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."