هەڕەشەش نەیتوانیوە دەرگەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دەرگەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان لە مێژە داخراوە. ئەندامەکانی پێکەوە ناکۆکییان هەیە. ئەوان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون و هەموو جارێ کەمینە بەشداریی لە کۆبوونەوەکاندا ناکات، بۆ ئەوەی رەوایەتی بە کۆبوونەوەکان نەدرێت. دوایین جار بڕیار بوو رۆژی دووشەممە کۆببنەوە، بەڵام دیسان نەکرا.
 
سێ مانگ لەمەوبەر قایمقامی شاری کرماشان هۆشداری بە ئەندامانی ئەنجوومەن دابوو کە ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، ئەنجوومەن هەڵدەوەشێننەوە، بەڵام وادیارە گوێ بەو هەڕەشەیە نەدراوە.
 
ئێستا نۆرە گەیشتووەتە پارێزگار کە هۆشداریان پێبدات. محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، دەبێت کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکەن و لە ماوەی سێ مانگدا بڕیار لەسەر پڕۆژەیاساکان بدەن، لەوانە کۆکردنەوەی سەگە بەرەڵاکان، پرسی زبڵ و کردنەوەی بازاڕچەیەک بۆ کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل.
 
ئێستا ساڵی هەتاوی بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەنجوومەنی شاری کرماشان دەبوو زۆر پڕۆژەی جێبەجێکردبایە، بەڵام نەیکردووە.
 
ئیحسان حەیدەریان ئاماژە بەوەش دەکات، "بابەتی چاکسازی لە بودجەدا هەیە، بابەتی باجی خۆجێی هەیە، کە دەبێت بڕیاریان لەسەر بدرێت."
 
نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر کەمینەیەک هەبوو کە لایەنگری مانەوەی نادر نەورۆزی، سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بوون، لە کۆبوونەوەکاندا بەشداریی نەدەکرد بۆ ئەوەی ئەنجوومەن نەتوانێت سەرۆکی شارەوانی لەسەر کار لابدات.
 
بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شار، سەر بە گرووپی زۆرینە، مافی ئەندامیێتی لێوەرگیرایەوە و بارودۆخ بە قازانجی کەمینە گۆڕا. ئێستا کەمینە دێنە کۆبوونەوە و هەوڵدەدەن ئەندامێکی یەدەکی ئەنجوومەن، کە لایەنگری ئەوانە، وەک ئەندامی سەرەکی هەڵبژێردرێ، زۆرینە بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات لە کۆبوونەوەکاندا بەشداریی ناکەن. 
 
تاوەکو ئێستا شەش خولی ئەنجوومەنی شارەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەڕێوەچووە، کە لە کرماشان دوو خولیان لەبەر کێشە و ناکۆکی خۆیانەوە، هەڵوەشێنراوەتەوە و ماوەی یاساییەکەیان تەواو نەکردووە، ئەم خولەش وا بچێتە پێش چارەنووسێکی جیاوازی نابێت.