قایمقامی چۆمان: ئەم ساڵ 7.5 کیلۆمەتری رێگەی حاجی ئۆمەران تەواو دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی قەزای چۆمان رایدەگەیێنێت، هەردوو وێستگەی 132 کەیڤی چۆمان و 33 کەیڤی حاجی ئۆمەران خراونەتەکار و لەژێر تاقیکردنەوەدان. دەشڵێت، ئەم ساڵ حەوت کیلۆمەتر و نیوی رێگەی حاجی ئۆمەران بۆ چۆمان تەواو دەکرێت و رێگەی هامڵتۆنیش نۆژەندەکرێتەوە.
 
سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هەردوو پرۆژەی هێڵ و وێستگەی 132 کەیڤی گواستنەوەی کارەبای چۆمان و وێستگەی 33 کەیڤی حاجی ئۆمەران، بەگوژمەی 13 ملیار دینار تەواوکراون و کاردەکەن، ئێستا لەژێر تاقیکردنەوەدان.
 
پرۆژەی رێگەی جووتسایدی حاجی ئۆمەران بۆ چۆمان، کە لە خاڵی سفری سنوورییەوە دەست پێدەکات، درێژییەکەی 16 کیلۆمەترە و بە چەند قۆناخێک جێبەجێدەکرێت.
 
قایمقامی چۆمان دەڵێت، سێ کیلۆمەتر و نیوی رێگەکە لە خاڵی سفری سنوورییەوە بۆ حاجی ئۆمەران تەواوکراوە، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی 5.5 کیلۆمەتری ئامادە بکرێت و دوای جەژنی نەورۆز کاکرکردن تێیدا دەست پێبکاتەوە.
 
گوتیشی، لەسەر کۆمپانیای جێبەجێکار مەرجە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ حەوت کیلۆمەتر و نیوی قیرتاو بکات کە زیاتر لە 10 ملیار دیناری پێویستە.
 
ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی دەمێنێتەوە دیسانەوە بە دیزاینی نوێوە تەندری بۆ دەکات.
 
لەبارەی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوەندی قەزای چۆمان، سوارە ئەکرەم دەڵێت، ئەم ساڵ پرۆژەی درێژکردنەوەی جووتسایدی ناو قەزای چۆمان بە درێژایی کیلۆمەترێک بڕی ملیارێک و 300 ملیۆن دینار پارەی بۆ تەرخانکراوە، لەگەڵ پرۆژەی دروستکردنی هۆڵێکی تایبەت بە بۆنەکان لەناو چۆمان بەمنزیکانە درووستدەکرێت.
 
سوارە ئەکرەم دەشڵێت، "بەشی زۆری گەڕەکەکانی قەزای چۆمان [کە ژمارەیان نزیکەی 12 گەڕەکە]، پرۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ کراوە، ئەو گەڕەکانەشی لە دوای ساڵانی 2014 و 2015 دروستبوون، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پرۆژەی باشیان بۆ جێبەجێکراوە".
 
دەشڵێت، پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و تێکدانی قوتابخانەکان لە ناوەندی چۆمان کاری لەسەر دەکەن و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەرداوە.
 
لەبارەی پرۆژەکانی دیکەی کەرتی رێگەوبان لە سنووری قەزای چۆمان و ناحییەکانی، قایمقامی قەزاکە ئاماژەی بەوەکرد، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هامڵتۆن بە درێژایی 34 کیلۆمەتر کاری چاککردنەوەی بۆ دەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستی رێگەوبان، هەروەها دیزاینی ئەوە دەکرێت کە بەدرێژایی 20 کیلۆمەتر رێگەکە جووتساید بکرێت لەداهاتوودا لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.
 
سوارە ئەکرەم ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای گرفتی دارایی و نەبوونی نەختینە، ئەم ساڵ رێگەی بەشێک لە گوندەکانی سنوورەکە کاری چاککردنەوەیان بۆکراوە، هەروەها پلانیان هەیە ئەم ساڵ رێگەی بەشێک لە گوندەکانی هەر چوار ناحیەکەی چۆمان قیرتاو بکەن وەکو رێگەی ناوپردان – گۆرۆنێ، ناوپردان – خۆشکان - ئێنێ، رێگەی ناوەندە، رێگەی ئالانە و رێگەی گەزنە.