ئایدن مەعرووف: پرسی کورسیی کۆتاکان کراوەتە بابەتێکی سیاسی

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکان بۆ تاوتوێکردنی دانیشتنی دادگەی فیدراڵ لەبارەی کورسی کۆتا کۆبووەوە و دەڵیت؛ "گفتوگۆمان لەبارەی پرسی کورسی کۆتاکان کرد کە بڕیارە 4ـی شوباتی داهاتوو لە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەسەر بدرێت" و پێیوایە ئەگەر دادگە جارێکی دیکە دانیشتنەکە دوابخات، "ئامانجی ئەوەیە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەنەچێت".
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کورسیی کۆتا لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا رێکخراوە و مافێکی شەرعیی پێکهاتەکانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان".
 
ئایدن مەعرووف گوتی: "دۆخی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە و لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتییەکی بەهێز هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی پێکەوەژیان و مافی پێکهاتە و ئاینەکان، بەڵام ماوەیەکە پرسی کۆتا دراوەتە دادگە و کراوەتە بابەتێکی سیاسی و کاریگەری خراپی لەسەر رەوشەکە دروستکردووە، چونکە ئەمە دەستوەردانێکی راستەوخۆیە لە کاروباری کۆتاکان".
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەی بەوەدا؛ وەکو کۆتاکان لایەنێکی ئەو کێشە سیاسییانە نین و ناشیانەوێت ببنە بەشێک یان لایەنێکی ئەم کێشەیە، داوا لە دادگەی فیدراڵیش دەکەین پێش بڕیاردان لەسەر پرسی کۆتا، رەچاوی رەوشی پێکهاتەکان بکات و ئەو سکاڵایە رەتبکرێتەوە، لەبەر ئەوەی کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی تایبەتیان هەیە و پێویستە هەموو لایەنێک رەچاوی بارودۆخیان بکات.
 
ئایدن مەعرووف بە ناوی پێکهاتەی تورکمان، کلدان، سریان و ئاشووری لە هەرێمی کوردستان داوایکرد رۆژی یەکشەممە، 4ـی شووباتی 2024 کە دادگەی فیدراڵی کۆتا بڕیار لەبارەی پرسی کۆتا لە هەرێمی کوردستان دەدات، "سکاڵاکە رەتبکاتەوە" و دەشڵێت؛ "ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمای پارێزگاکان دابەشبکرێت، لەبەر ئەوەی کاریگەری خراپ لەسەر رەوشی پێکهاتەکان و بەیەکەوەژیانی نەتەوە و ئاینەکان دروستدەکات" و داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات "دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکاندا نەکەن".
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باس لە ئامادەکردنی یاداشتێکی هاوبەش لە نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە ئەنجامی چەندین کۆبوونەوە ئامادەیانکردووە و دەڵێن: "یاداشتەکەمان داوەتە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و دادگەی فیدراڵ و تێیدا ویست و داواکارییەکانی خۆمان لەبارەی پرسی کۆتا خستووەتەڕوو".
 
ئایدن مەعرووف گوتی: "ئەگەر رۆژی یەکشەممە، 4ـی شوبات دادگەی فیدراڵی دانیشتنەکە دوانەخات و بڕیاری لە دژی کۆتاکان دەرکرد، ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەبێت، ئەگەریش دانیشتنەکە دوابخرێت، دەردەکەوێت مەبەستیان ئەوەیە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نەکرێت".