وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک دیاریکرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، داوا دەکات رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی کۆببێتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی کەرکووک کردووە رۆژی پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024 بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ئامادەبن و بڕیارە کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەکە بکرێت.
 
هۆشیار هیجران، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە رووداوی گوت: "هێشتا رێککەوتن بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە، نازانین کۆبوونەوەکەی پێنجشەممە بە کراوەیی دەمێنێتەوە یان هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت."
 
رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، کە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ کرا.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا و 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق دەبێت 15 رۆژ لە دوای پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى کۆببێتەوە.