پۆلیسی ئاکرێ: منداڵێکی تەمەن یەک مانگی نابینا دۆزراوەتەوە

30-01-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی ساوای تەمەن یەک مانگ لە ئاکرێ فڕێدراوە کە رەگەزی مێیە و نابینایە، تائێستا دایک و باوکی نەدۆزراونەتەوە. پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، "لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هیچ منداڵێکی نابینا لە ئاکرێ لەدایک نەبووە." چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆکیش دەڵێت، "ئەگەر منداڵەکە دایک و باوکی نەدۆزرێتەوە، دوای بڕیاری دادگە، دەتوانین لە ئەستۆی بگرین."
 
رائید عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە رادیۆی رووداوی گوت، "رۆژی 25-01-2023، ئاگادارکراینەوە لەوەی منداڵێکی تەمەن یەک مانگ فڕێدراوە، منداڵەکە لە رەگەزی مێیە و نابینایە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ گوتیشی، منداڵەکە لە نزیک هاوینەهەواری سیپە لە ئاکرێ فڕێدراوە و دەستبەجێ پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە ئاکرێ دەستی بە لێکۆڵێنەوە کردووە، سەرەڕای لێکۆڵینەوەکان و تەماشاکردنی کامێراکانی چاودێری لەو ناوچەیە، بەڵام تائێستا دایک و باوک یان ئەو کەسەی منداڵەکەی فڕێداوە نەدۆزراوەتەوە.
 
رائید عیماد حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ منداڵەکەیان رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵان و لەدایکبوون لە ئاکرێ کردووە و دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاکرێ لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و دادگە و تەندروستیی ئاکرێ، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هیچ منداڵێکی نابینا لە ئاکرێ لەدایک نەبووە. دەشڵێت، پۆلیس و دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاکرێ بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری منداڵەکە، هەروەک لێکۆڵینەوە لە چەند کەسێکیش کراوە و گوتەیان لێ وەرگیراوە.
 
لەبارەی چارەنووسی منداڵەکە، ئەگەر دایک و باوکی نەدۆزرێتەوە، رائید عیماد حوسێن گوتی، ئەگەر کەسوکاری منداڵەکە نەدۆزرێتەوە، ئەوا کەیسی منداڵەکە بە زووترین کات ئاراستەی دادگەی نەوجەوانان لە دهۆک دەکرێت و پاشان بڕیار لە چارەنووسی منداڵەکە دەدات.
 
عیماد حوسێن ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ رەوانەکردنی کەیسی منداڵەکە لە ئاکرێ بۆ دادگەی نەوجەوانان لە دهۆک، منداڵەکەش رەوانەی نەخۆشخانەی هێڤی دەکرێت لە دهۆک، بۆئەوەی لەژێر چاودێریی تەندروستیدا بێت. گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، "لەو رۆژەوەی منداڵەکە دۆزراوەتەوە، کەسانێکی زۆر داوایان کردووە منداڵەکە لە ئەستۆ بگرن و وەکو منداڵی خۆیان بەخێوی بکەن."
 
خەلیل میکائیل، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک دەڵێت، ئەوان وەکو بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە دهۆک، لە ئەگەری نەدۆزینەوەی دایک و باوکی منداڵەکە، لەدوای بڕیاری دادگە و رێکارە یاساییەکان، منداڵەکە لە ئەستۆ دەگرن و بەخێوی دەکەن.
 
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک گوتیشی، ئەو منداڵانەی بێسەرپەرشتن، لە یەک رۆژی تاوەکو 5 ساڵ چاودێری دەکرێن، هەروەک تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی بەگوێرەی یاسا وەکو چاودێریی کۆمەڵایەتی چاودێری و سەرپەرشتیی ئەو منداڵانە دەکەن.
 
بە گوتەی خەلیل میکائیل، فڕێدانی منداڵەکە لە تەمەنی یەک مانگیدا، رەنگە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە منداڵەکە نابینایە، "رووداوی فڕێدانی منداڵ لە سنووری دهۆک دەگمەنە، چونکە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کە من بەڕێوەبەرم، یەکەم رووداوی لەو جۆرەیە تۆمار بکرێت."
 
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی دهۆک باسی لەوەش کرد، ئەگەر خێزانێک بیەوێت منداڵەکە لە ئەستۆ بگرێت و بەخێوی بکات، ئەوا دادگە چاودیریی دۆخی خێزانەکە دەکات و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی بەردەوام چاودێریی دۆخی منداڵەکە و خێزانەکەش دەکات هەروەک هاوکاریی خێزانەکە دەکەن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکەدا.
 
خەلیل میکائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر خێزانێک ئامادە بێت منداڵەکە لە ئەستۆ بگرێت و مەرجە یاساییەکانی تێدابێت ئەوا دادگەی نەوجەوانان بڕیاری لێدەدات، ئەگەریش کەس نەبوو، ئەوا دادگە ئاراستەی ئێمەی دەکات و تاوەکو تەمەنی دەگاتە 18 ساڵ لە ئەستۆی دەگرین."
 
پارێزەر بەهادین دەشتانی لەوبارەیەوە گوتی، "فڕێدانی ئەو منداڵە بەگوێرەی بڕگەی دوو لە ماددەی 383ی یاسای سزادانی عێراقی فڕێدانی منداڵ یان هەر مرۆڤێک تاوانە، کە سزاکەی دەستبەسەرکردنە."
 
لەبارەی رێکارە یاساییەکانی لە ئەستۆ گرتنی منداڵەکە، ئەو پارێزەرە دەڵێت، "ئەگەر خێزانێک بیەوێت منداڵەکە لە ئەستۆ بگرێت، تاوەکو شەش مانگ چاودێریی دۆخی خێزانەکە و منداڵەکەش دەکرێت و دوای ئەوەی دادگە گەیشتە ئەو بڕیارەی خێزانەکە دەتوانن منداڵەکە لە ئەستۆ بگرن، پاشان بڕیاری لەسەر دەدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.