وان.. ئەو منداڵەی سەگ پەلاماریدابوو، گیانی لەدەستدا

30-01-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مەتە دورنا، ئەو منداڵە تەمەن 9 ساڵەی لە وانی باکووری کوردستاندا سەگ پەلاماری دابوو لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-1-2023 لە شارۆچکەی (رێگەی ئاوریشم)ی سەر بە پارێزگای وان روویدا. مەتە دورنا لەو کاتەی لەگەڵ هاوڕێکانی لە باخچەی گەڕەکی سەلیم بەی یاریکردووە، سەگێک پەلاماری داوە و چەند شوێنێکی بریندار کردووە. دواتریش گازی لە ملی گرتووە و ماوەیەک بەرینەداوە.
 
محەممەد ئەمین کوچوک کە دانیشتووی گەڕەکی سەلیم بەیە گوتی: "منداڵەکان لە باخچەکەدا یارییان دەکرد. لەناکاو هاتنە لام و گوتیان فریامانکەوە شتێک روویداوە. کاتێک چوومە دەرەوە بینیم سەگێک گازی لە ملی منداڵەکە گرتووە و بەریشی نادات. لێی چوومە پێشەوە و هاوارم بۆ سەگەکە کرد. منداڵەکەی بەردا، تەنانەت ویستی پەلاماری منیش بدات، بەڵام بە تۆپەڵە بەفر دوورمخستەوە. پەیوەندیمان بە ئەمبوڵانسەوە کرد. زوو گەیشتنە ئێرە و گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە." 
 
مەتە دورنا لە نەخۆشخانەدا راستەوخۆ نەشتەرگەریی بۆ کرا. بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، گیانی لەدەستدا. کەسوکاری دوڕنا لەگەڵ بیستی هەواڵی مەرگی لەناکاوی کوڕەکەیان، تووشی شۆک بوون.
 
چەند شایەتحاڵێک دەڵێن، ئەو سەگە بێ لانە نەبووە و خاوەنەکەی (هـ. ک) دەستگیرکراوە، کە رۆژی 25-1-2023 سەگەکەی لە خانەی ئاژەڵانی سەر بە شارەوانیی وان وەرگرتووە.
 
بەپێی ئامارەکان تەنیا لە ماوەی 10 مانگی ساڵی 2022دا 27 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیادا بەهۆی پەلاماری سەگە بێ خاوەنەکان گیانیان لەدەستداوە. بابەتی سەگی بێ خاوەن ناو بە ناو دەبێتە رۆژەڤ و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەکاتە دوو بەشەوە. بەشێک داکۆکی لە سەگەکان دەکەن، بەشێکیشیان داوادەکەن سنوورێک بۆ سەگە بێ خاوەنەکان دابنرێت. 
 
بەپێی شەشەمین بڕگەی یاسای ژمارە 5199ی پاراستنی ئاژەڵان، ئاژەڵە بێ خاوەنەکان دوای ئەوەی دەخەسێندرێن، پێویستە لە هەمان شوێنی خۆیان جێبهێڵدرێن. بەشێک لە خەڵک ئەم یاسایە بە هۆکاری زیادبوونی پەلاماری ئاژەڵان دادەنێن و ئەو یاسایە پارێزبەندییە بۆ سەگە بێ خاوەنەکان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی تەقسیم لە تورکیا

زۆرترین کۆچی نێوخۆیی لە ئیستەنبووڵ و کەمترین لە ئەردەخان تۆمارکراون

دامەرزاوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 450 هەزار و 953 کەس لە هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان لەنێوان پارێزگاکاندا کۆچیان کردووە.