رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە لە پارێزگای هەولێر دەوام ئاساییە و پشوو نییە. هەروەها لە پەروەردەی سلێمانیش دەوام ئاسایی دەبێت.
پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی راگەیاندنی پشووەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینن تاکو رۆژی سێشەممە 2023.1.31 بکرێت بەپشوو.
وەک لە روونکردنەوەکەی پارێزگادا هاتووە، بەیانی لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی سنووری هەولێر دەوام ئاساییە و پشوو نییە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بەفر و باران بارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ بەپێی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 31-1-2023، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکان لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ شێوازی بارین لە هەندێک ناوچەی باشووری هەرێمی کوردستان لە نمەبارانەوە بۆ تاوەباران و برووسکە دەگۆڕێت.
هەروەها دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگهیاند، رۆژی سێشەممە، دەوام لە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن ئاساییە و پشوو نییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە بڕیاریاندا رۆژی سێشەممە لەو قوتابخانانەی، کە دەکەونە سەر رێگەی خۆڵ و شەقامی قیریان نییە دەکرێتە پشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ