رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە بڕیاریاندا رۆژی سێشەممە لەو قوتابخانانەی، کە دەکەونە سەر رێگەی خۆڵ و شەقامی قیریان نییە دەکرێتە پشوو.
شەوی دووشەممە 30-1-2023، دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان لەبارەی پشووی رۆژی سێشەممەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی کەشوهەوا و بارانبارینی رۆژی سێشەممە 31-1-2023 کە بەپێی کەشناسی تاوەکو کاژێر 04:00ی پاشنیوەڕۆ بارانی بەخوڕ بەردەوام دەبێت، بۆیە بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان و مامۆستایان بڕیاردرا سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکانی دەرەوەی شار (گوندەکان) کە دوورن لە رێگەی سەرەکییەوە واتا رێگەکەیان گڵە ئاگاداریان دەکەینەوە سبەینێ پشووە و دەوام ناکرێت."
سەبارەت بە دەوامکردنی ناو شارەکانیش لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەوام لە قوتابخانەکانی ناو شار و پەروەردەکان ئاسایی دەبێت."
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بەفر و باران بارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ بەپێی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 31-1-2023، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکان لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ شێوازی بارین لە هەندێک ناوچەی باشووری هەرێمی کوردستان لە نمەبارانەوە بۆ تاوەباران و برووسکە دەگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ