دارا حەسەن: شەپۆلی باران و بەفربارین بەردەوام دەبێت و ئەگەری لافاو هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

پێشکێشکاری کەشوهەوای تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ئەگەری هەیە شەپۆلی باران و بەفر لە هەرێمی کوردستان تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت، بەتایبەتی لە رۆژی 4ی مانگی داهاتوو، بارین چڕتر دەبێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی سێشەممە لە هەندێک شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان ئەگەری لافاو هەیە.
 
رۆژی دووشەممە 30-01-2023 دارا حەسەن، پێشکێشکاری کەشوهەوای تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە ئەگەری بەفر و باران لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، شەپۆلێکی پاڵەپەستۆی نزمی دەریای سپیی ناوەڕاست، بۆ ناوچەکانمان دێت و ئەم جارە ئەگەری ئەوە هەیە بەفر بگاتە ناو شارەکانیش."
 
دارا حەسەن دەڵێت، "ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر کاریگەریی شەپۆلەکەی دەریای سپیی ناوەڕاست، شەپۆلی پاڵەپەستۆ لەسەر عێراق، وڵاتانی شام، سووریا و لوبنان چڕ بووەتەوە و لە لوبنان سەختترین رۆژ تێپەڕ دەبێت."
 
پێشکێشکاری کەشوهەوای تۆڕی میدیایی رووداو پێشبینی دەکات، بەهۆی شەپۆلێکی چڕی دەریای سپیی ناوەڕاست، بەیانی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری لافاو هەیە و رێژەی باران لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لە 50 میلیمەتر کەمتر نابێت، لە هەندێک شوێنیش تاوەکو 120 میلیمەتر دەڕوات.
 
دارا حەسەن باسی لەوە کرد، رەنگە لە بەیانیەوە تەمومژ، شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان داگرێت و گوتیشی، "بایەکی بەهێز لە باشوورەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دێت کە خێراییەکەی 20 بۆ 30 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا."
 
ئەو پێشکێشکارە ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە، باران بارین لە هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە و سبەی بەهۆی چڕبوونەوەی شەپۆلەکە، لە ناوچەکانی گەرمیان، بەتایبەتی دەوری مەندەلین، خانەقین و کفری ئەگەری لافاو هەیە.
 
لە دوێنێوە شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە گوند و شارەکان کردووە و بەهۆیەوە، دوێنێ لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری سۆران پشووی فەرمی راگەیێندرا و لە هەندێک شوێن ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستبوو.