تۆپباران و شەڕی تورکیا و پەکەکە زیانی بە دانیشتووانی گوندی هروور گەیاندووە

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای تورکیا بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی دەڤەری بەرواری باڵا، لە دوو رۆژی رابردوودا دەوروبەری گوندی هروور تۆپباران دەکات و بەهۆیەوە زیانی بە خەڵکی گوندەکە گەیاندووە. لە دوو شەوی رابردوودا دەوروبەری ماڵی حاجی ئیبراهیمی تۆپبارانکردووە و زیان بەر خانوو و مێش هەنگەکانی کەوتووە. 
 
حاجی ئیبراهیم عوسمان دانیشتووی گوندی هروورە لە شارۆچکەی کانی ماسی لە ماوەی چەند شەوی رابردوودا تورکیا تۆپێکی بە دووری 15 مەتر لە نزیک ماڵی ئەو داوە کە سێ مەتر لە شوێنی بەخێوکردنی مێشهەنگەکانی کەوتووە. بەهۆیەوە زیان بە 20 ماڵی مێشهەنگەکان گەیاندووە.
 
ئەو هاونیشتمانییە چاوی لە شیرینی هەنگەکان بوو، بەڵام تۆپباران لێی تاڵکرد و دەڵێت " هاوژینەکەم بانگی کردم و گوتی وەرە شتێک کەوتووەتە ئێرە، هاتمە دەر هەموو خۆڵ بوو، تەلەفۆنمان بۆ موختار کرد و زۆر ترساین،ئێمە هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە."
 
زیاتر لە نۆ مانگە دەوروبەری گوندی هروور بۆردوومان و تۆپباران دەکرێت. پارچەی تۆپەکان دەگەنە نێو گوند و جگە لە ترس و دڵەڕاوکێ زیانی گەیاندووەتە خانوو و ماڵەکان. ئێستا لە 50 ماڵی گوندەکە تەنیا 20 ماڵ لەنێو گوندەکەدا ماون و لەژێر مەترسیی چۆڵکردندان. 
 
ئەدیب موسا، ئەفسەری پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند "دۆخی ئێمە بەمشێوەیە بێت زۆر ناخۆشە و بەمشێوەیە بێت گوندەکە چۆڵدەکەین، ئەگەر بێت و هاوکاریشمان بکەن لە گوند دەمێنینەوە."
 
لە 23ی مانگی چواری ساڵی رابردوو تورکیا ئۆپەراسیۆنی چنگی برسی لە سنووری کانی ماسێ دەستپێکردووە کە یەکێکە لە درێژترین ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەنێو خاکی باشووری کوردستان و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.