عەبدولخالق تەڵعەت لەبارەی لیوا هاوبەشەکان: کۆتایی پێهاتووە و تەنیا پرسی مووچە ماوە

30-01-2022
رووداو @Rudawkurdish
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی هەیە
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی هەیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوانیان، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقی لە بانی مەقان کۆکردەوە.
 
شاندەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پێکهاتبوون لە عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ شاندێکی باڵا لە ئەفسەرانی سوپای عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و دیالە.
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندە و ئەفسەرانی چوار میحوەری پێشمەرگە، لەگەڵ شاندە عێراقییەکە کۆبوونەوە. کۆبوونەوەیەک، بۆ تەواوکردنی ئەو بڕیارانەی کە لە مانگی 12ی 2021دا کرابوو.
 
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی 70ی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، "قسە کرا لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری، ئێمە مانگێک پێش ئێستا لە هەمان شوێن کۆبوونەوەمان کرد لەگەڵ فەرماندەیەکی کەرکووک، کۆمەڵێک شتی باشمان کرد، کۆمەڵێک هەماهەنگی و هاوکاریمان کرد، هەندێک کاری هاوبەشیش کرا دوای ئەو کۆبوونەوەیەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێک پێش ئێستا، ئەنجامەکەشی دیاربوو... ئەمجارەش قسە کرا بۆئەوەی بتوانین هەماهەنگی و هاوکاریی باشتر بکەین".
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر هاوئاهەنگی و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری لەو ناوچانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولان، رێککەوتوون.
 
هاوکات ئەو ناوچانەش دەستنیشان کراون کە پێویستیان بە ئۆپەراسیۆنی خێرا هەیە، بۆئەوەی بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان بکەن.
 
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ بوو کە لەنێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و برایان لە پێشمەرگە بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاری تاوتوێ کران. ئەزموونی هاوکاریکردنمان لە رابردوو زۆر سەرکەوتوو بووە. برایان لە هەرێم داوا دەکەن ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام بن. پێموایە ئەو کۆبوونەوانە و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر سەقامگیربوونی ئەو ناوچانەی لەڕووی ئەمنییەوە بۆ هەردوو لایەن بایەخیان هەیە".
 
بۆ دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکانیش، تەنیا یەک هەنگاو ماوە. لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، "هەموو خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کۆتایی پێهاتووە، تەنیا [قسەکردن] لەسەر مووچەکە ماوە، ئەوەش لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڕیاری لەسەر دراوە، تەنیا ئەوە ماوە کە مووچەکان دابەشبکرێت و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخانبکرێت".
 
دوای هێرشەکانی کۆتایی ساڵی 2021 و سەرەتای ئەمساڵ، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق بڕیاری چڕکردنەوەی زیاتری هەوڵەکانیان دا و چەندجارێک ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی کرد.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی هەیە؛ ئەو دوو لیوایە بۆ بەشێک لەو شوێنانە بڕیاریان لەسەر دراوە و هەر لیوایەکیان ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە