راگەیێندراوی یەکگرتووی ئیسلامی: بەربژێری هاوبەش نەبێ، هەڵوێستی دیکەمان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی حیزبەکە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریان تاوتوێکردووە و نیگەرانیی "قووڵی" خۆیان لەبارەی لێکترازانی نێو ماڵی کورد رادەگەیێنن، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون، بەپێچەوانەوە هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.
بڕیارە 07-02-2022 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە بەربژێرانی سەرۆککۆمار بدرێت کە وەکو نەریتێکی سیاسی ئەو پۆستە دراوەتە کورد. لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، پارتی و یەکێتی بە دوو بەربژێرەوە چوونەتە رکابەرییەکەوە و هەردوولا بە جیا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دانوستاندن دەکەن.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بە سەرپەرشتی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی حیزبەکە لە هەولێر کۆبووەوە و، پرسی سەرۆککۆماریان تاوتوێکردووە، لە راگەیێندراوی ئەنجامی کۆبوونەوەکە هاتووە، نیگەرانیی قووڵی خۆیان رادەگەیێنن لەبارەی لێكترازانی ناو ماڵی كوردی، بەهۆی ئەو ململانێ "نەخوازراوەی دوو حیزبی دەسەڵات دەیكەن سەبارەت بە پرسی سەرۆككۆمار كە پشكی كوردە و دەبێت كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر بێت".
لەبارەی هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامییەوە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو حیزبە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە "هەرچی زووترە دوو حیزبی دەسەڵات پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەیاندا بكەنەوە و لەسەر پاڵێوراوێكی هاوبەش رێكکەوتن بكرێ، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ناو ماڵی كوردی لەبەریەك هەڵنەوەشێ و ناچارمان نەكەن بە هەڵوێستی تر".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ (28)هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتوو لە (6/2/2022) كراوە و بەرنامەی تایبەت بە یادەكە بڕیاری لەسەردراوە.
هەروەها كاروبارەكانی نێوخۆی حیزب تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، كە بەشێوەیەكی ئەرێنی هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم چالاكییەكانی ئەنجوومەن و دەزگا و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی دیکەی حیزب کراوە.