جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان تاوتوێی چارەسەرکردنى کێشە نێوخۆییەکانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی نێوخۆیی و کێشەکانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە، جیاواز لە پرسە نێوخۆییەکان، جڤاتی نیشتمانی پرسی دانوستاندنەکانی هەولێر بەغدا لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراقیش تاوتوێ دەکات.
 
کۆبوونەوەی جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەتی گۆڕان بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30-1-2021 لە گردی زەرگەتە لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەبچێت.
 
بڕیارە لە کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک تاوتوێ بکرێت، یەکێک لە تەوەرەکان تاوتوێکردنی چارەسەرکردنى کێشە ئۆرگانییەکانی بزووتنەوەکەیە، بە تایبەت پرسی دەستلەکارکێشانەوە و وازهێنانی سێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان.
 
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە رێکخەری گشتییەوە لە 7 ئەندام پێکدێت، ئێستا لەکۆی ئەو 7 ئەندامە تەنیا چواریان ماون. لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا جەلال جەوهەر، مانگی رابردووش هەریەک لە عەدنان عوسمان و شەماڵ عەبدولوەفا وازیان لە ئەندامیەتی خانەی راپەڕاندن هێنا.
 
بزووتنەوەکە دەیەوێت لەسەر نیگەرانییەکان و دەستلەکارکێشانەوەی ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن گفتوگۆ بکەن. هاوکات جڤاتی نیشتمانی تاوتوێی جیابوونەوەی 5 لە ئەندامەکانی لە پەرلەمانی عێراق دەکات، کە ئێستا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەک لە بەغدا بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن.
 
هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان وەک هەنگاوێک بۆ نوێبوونەوەی بزووتنەوەکەیان، دەیانەوێت دووەمین کۆنگرەی خۆیان لەمساڵدا ببەستن، بۆیە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ باس لە ئامادەکارییەکانی بۆ کۆنفرانسە نێوخۆییەکان دەکرێت، بە مەبەستی بەستنی کۆنفرانسی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەمساڵدا.
 
جیاواز لە کێشە نێوخۆییەکان بڕیارە لەسەر چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆ بکەن، لەوانە؛ پرسی دانوستاندنەکانی هەولێر بەغدا لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021.