رووسیا دەیەوێت وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری وزە لە هەرێمی کوردستان بکات

 
 رووداو - هەولێر 

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە سەرۆکایەتی شاندێک لە هەولێرە، کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی لە گەڵدایە و رووسیا بەنیازە وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری وزەدا بکات و بەشێک بێ لە هێورکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی عێراق.  
 
میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری سەرۆکی رووسیا و جێگری وەزیری دەرەوەیە چووە لای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکانی، بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ کۆڕبەندی سانت پێترسبۆرگ. رووسیا کار لەسەر ئەوە دەکات پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و مەبەستیەتی هەرێمی کوردستان نزیک و دۆستی بێت.
 
میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کە هاوکات جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیایشە لەگەڵ شاندێکی سیاسی و ئابووریی رووسیا لە هەرێمی کوردستانە.
 
سەردانەکەی بۆگدانۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان و بێ تێپەڕبوون بە بەغدا، ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی مۆسکۆ بە هەولێر و هەوڵدان بۆ بەهێزکردن و بونیادنانی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
هەرێمی کوردستان و رووسیا پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری دوورودرێژیان هەیە، ئەم پەیوەندییە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە حوزەیرانی 2017 بۆ مۆسکۆ چووە قۆناخێکی بەهێزتر، بەجۆرێک گەورەترین کۆمپانیایی رووسیا لەبواری وزە لەکەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی کرد. رووسیا هەوڵدەدات پێگەی خۆی لەناوچەکە پتەوتربکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزبکات.
 
لەسەردانەکەیدا، بۆگدانۆف لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ستایشى رۆڵى نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی و بۆگدانۆڤ دۆخى عێراقیان تاوتوێکرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستەسەر خۆپێشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر و بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
 
بۆگدانۆف لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کۆبوونەوەیەک تێیدا چەندین پرسی سیاسی و ئابووری خرانەبەرباس.
 
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەگەڵ ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆم نه‌فتى رووسى بۆ ماوەی دوو رۆژ لەهەرێمی کوردستان دەمێننەوە و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبێت و تاوتوێی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا دەکەن.