لە رۆژئاوای موسڵ 40 چەكداری داعش كوژران

رووداو- هەولێر

بەهۆی بەرپەرچدانەوەی تووندی هێرشی چەكدارانی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە زۆرتر لە 40 چەكداری داعش كوژران.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 30-1-2015، چەکدارانی داعش لە چەندین قۆڵەوە لەناوچەی کەسکێ و ئەسكی رۆژئاوای موسڵ، لە گوندەکانی شندوخە، قادسیە، وائیلیە و تەلریف هێرشێكی فراوانیان ئەنجامدا، بەڵام بەتووندی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە تێکشکێندران.

نەقیب سامی باکرمانی، ئەفسەر لە هێزی دژەتیرۆری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی تووندی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرامبەر هێرشی چەکدارانی داعش، زۆرتر لە 40 چەکداری داعش كوژران".

سەبارەت بە زیانی هێزەکانی پێشمەرگەش باکرمانی گوتی:" تەنها 3 پێشمەرگە بە سووکی برینداربوون". تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش بە پێی گوتەکانی ئەو ئەفسەرە، شەڕ لە گوندەکانی قادسیە و شندۆخە بەردەوامە.

شەوی رابردوو بە سوودوەرگرتن لە دۆخی کەشوهەوا كە تەمومژ بوو، لە میحوەرەكانی خازر، مەخموور، باشووری كەركووك و رۆژئاوای موسڵ داعش هێرشی كرد و لە هێرشەكانیشدا پشتی بە چەکداری خۆکوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بەست. لە جەلەولاش بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك 7 پێشمەرگە شەهیدبوون.