داعش لە چەند قۆڵێكەوە هێرش دەکاتە سەر باشووری کەرکووک
رووداو- كەركووك
لە کاژێر یەک و نیوی شەوی رابردووەوە چەکدارانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە لە باشووری کەرکووک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە تەللوەرد، مریەم بەگ، مەلا عەبدوڵڵا و مەكتەب خالید و چەند ناوچەیەكی دیكە.
داعش لەو هێرشانەدا سوودی لە دۆخی کەشوهەوای ناوچەکە بینیوە، چونکە تەمومژ بووە و هەروەها پشتی بەچەکداری خۆکوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بەستووە.
لەو هێرشانەدا چەند گوندێك كەوتوونەتە دەست داعش، بەڵام كەمێك پێش ئێستا لە هێرشیكى ی پێچەوانەدا پێشمەرگە پاشەكشەی بە چەكداران كرد و ناوچەكانی مریەم بەگ، نەهرەوان، مەكتەب خالید و تەللوەرد كۆنترۆڵ كرانەوە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرەكانی شەڕ رایگەیاند كە تاوەكو ئێستاش پێكدادان لەنێوان پێشمەرگە و داعش لەو میحوەرە بەردەوامە و چەند سەنگەرێك لەدەست داعش ماون.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتوون، لەو هێرشانەی داعشدا فەرماندەیەکی لیوای یەکی پێشمەرگە شەهیدبووە و حەوت پێشمەرگەش برینداربوون.