لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە مهاباد دوو کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی میاندواو- مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29/12/2024، لە رێگەی میاندواو- مهاباد لە پارێزگای ورمێ، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت خۆی بە دیوارێکی تەنیشت رێگەکەدا کێشا و بەو هۆیەوە ئاگری گرت و دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
سامان محەممەدی، بەرپرسی بەشی ئاگرکوژێنەوەی میاندواو رایگەیاند: دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. سەرەڕای هەوڵی تیمەکان، سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدا.
 
سامان محەممەدی رایگەیاند: "تەرمی ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە بۆ دادپزیشکی میاندواو گوێزراوەتەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "هەردوو سەرنشینەکە خەڵکی شاری سەقزن لە پارێزگای سنە".
 
هۆکاری رووداوەکە خێرایی زۆر بووە. ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست دەدەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-07-2024، 6 هەزار و 262 کەس بە رووداوی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.