دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: ئەم ساڵ 636 تیرۆریست و 1019 بازرگان و بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەر دەستگیر کراون


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى ئامارى دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ئەمساڵدا "636 تیرۆریست" و 1019 تۆمەتبار و بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەر دەستگیر کراون. هەروەها دەستگیراوە بەسەر 14 هەزار و 16 ملیۆن دینارى ساختەدا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـى کانوونى یەکەمى 2024، عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئامارى کار و چالاکیى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەر بەو دەزگایەى لە ساڵى 2024 بڵاوکردەوە. 
 
لە ئامارەکەدا هاتووە: "257 ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیرکردنى تیرۆریستان لەگەڵ 74 کێوماڵ ئەنجامدراون بۆ لەناوبردنى مۆڵگەى تیرۆریستان، لە ئەنجامى ئۆپراسیۆنەکاندا 636 تیرۆریست بە گوێرەى مادەکانى 2 و 4ـى یاسای بنبڕکردنى تیرۆر دەستگیرکراون و 126 کارى هاوبەش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق ئەنجامدراوە".
 
مادەکانى 2 و 4ـى یاسای دژەتیرۆرى عێراق تایبەت بە تاوانەکانى تووندوتیژى، تێکدان، هەڕەشە و بەشدارى لە هێرشی تیرۆریستى، سزاکانیان لە نێوان بەندکردنى تاهەتایی بۆ لەسێدارەدانە.
  
عەقید سەلام عەبدولخالق گوتى: "1019 تۆمەتبارى بازرگانیکردن و بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، دەستیش گیراوە بەسەر سێ تۆن و 24 کیلۆ و 600 گرام مادەى هۆشبەر بە هەموو جۆرەکانیەوە." 
 
بە گوێرەى ئامارەکە، سێ هەزار و 283 سکاڵا تۆمار کراون لەسەر تاوانى ئەلیکترۆنى. بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتى "بەشێکى زۆرى ئەو کەیسانە بە ئەنجام گەیشتوون رووبەڕووى یاسا کراونەتەوە."
 
ئەم ساڵ 10 هەزار و 157 سکاڵاى تایبەت بە تاوانە جۆراوجۆرەکان لە دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، 606 سکاڵا کە لەلایەن دادگەکانەوە ئاراستەى ئاسایش کراون، تایبەت بوون بە سیستمى کامێراکانى چاودێریى ئاسایش و هاوکاریى دادگەکان کراوە.
 
بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتى "50983 سەردانیکردن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکان ئەنجامدراوە و 629 تۆن و خۆراکى بەسەرچوو، دەرمانى پزیشکى و کشتوکاڵى بێ کوالێتى دەستیان بەسەردا گیراوە و لەنێوبراون". 
  
لە بەشێکى دیکەى ئامارەکەدا هاتووە "32 رووداوى خۆکوشتن و 63 رووداوى کوشتن و 171 رووداوى تەقەکردن تۆمار کراون، 142 تۆمەتبار و بازرگانى چەکى بێ مۆڵەت دەستگیرکراون، 881 پارچە چەک و 22354 پارچەى تەقەمەنى دەستیان بەسەردا گیراوە".
 
عەقید سەلام عەبدولخالق رایگەیاند: دەست گیراوە بەسەر 14 هەزار دۆلار و 16 ملیۆن و 750 هەزار دینار کە ساختە بوون.