رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 400 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرکووک وەستاون. یەکێتیی بەڵێندەران هۆکارەکەی بۆ تەرخاننەکردنی بودجە دەگەڕێنێتەوە و هەڕەشەی خۆپێشاندان دەکات: "ئەگەر وا بڕوات هەموو پڕۆژەکان دەوەستن".
زۆربەی ئەو پڕۆژانەی وەستاون دەکەونە گەڕەکە کوردنشینەکان. گوندی پەنجا عەلی کە ئێستا بووەتە بەشێک لە گەڕەکی گەورەی پەنجا عەلی، لە دوای دەستبەکاربوونی رێبوار تەها، بڕیاربوو دەست بە کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانیان بکرێت، بەڵێندەر هاتە سەر جێبەجێکردنی، بەڵام بودجە بڕا و کارەکانی دەستی پێنەکرد. هەر لە گەڕەکەکە زیاتر لە پێنج مانگە بۆری دانراوە تاوەکو ئاوەڕۆی ژمارەیەک کۆڵان چاکبکرێت، بەڵام بەهەمان شێوەی شوێنەکانی دیکە، پێنەدانی پارە بە بەڵێندەر کارەکەی پەخستووە.
عەدنان کەریم، دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "هەموو پەنجا عەلی بووەتە شارێک، نازانین باسی چی بکەین، کارەبامان زۆر خراپە و محاویلەکانمان زۆر خراپن. ئاومان خراپە. کۆڵان و شەقامە سەرەکییەکانمان کۆنکرێت و قیرتاو نەکراون و کاتی بارانبارین دەبێتە قوڕ و لیتە، هیچمان بۆ نەکراوە تاوەکو باسی پڕۆژەکان بکەین. بەڵێندەر هات کۆڵانەکان کۆنکرێت بکات، گوتی 'پارەم بۆ خەرج ناکرێ' و رۆیشت."
پەیامنێری رووداو چووەتە گەڕەکەکە و دیمەنی خراپی کۆڵانەکان، نەبوونی ئاوەڕۆ و قوڕ و چڵکاوی گەڕەکەکەی خستووەتەڕوو. عومەر ئەحمەد، دانیشتوویەکی گوندی پەنجا عەلی بە هەردی محەممەدی گوت: "بەڵێندەر هات، خۆی ناساند و بەڵێنی دا لەم هەفتەیە دەست بە کار بکات، دوایی جوابی نارد و گوتی، 'پارەم پێنادەن بۆیە ئیشەکەم راگیرا'."
بەڵێندەرانی سنووری پارێزگای کەرکووک، لە ئەگەری خەرجنەکردنی بودجە، هەڕەشەی خۆپێشاندانی فراوان لە 15ـی مانگی داهاتوو دەکەن.
نەوزاد ئەنوەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق لە بەرپرسیار گوتی: "نزیکەی 450 پڕۆژە لە کەرکووک نزیکەی دوو مانگە راگیراون کە دەکاتە 80٪ـی پڕۆژەکان، ئەگەر وا بڕوات هەموو پڕۆژەکانی کەرکووک دەگەنە راگیرانی تەواوەتی. هەرچەندە ئەوە لە بەرژەوەندیی بەڵیندەر نییە، چونکە دەبێ دووبارە دەست بە پڕۆژەکان بکاتەوە. لە 15ـی مانگی داهاتوو بەڵێندەران دەچنە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق و داواکارییەکانمان دەگەیێنین."
ئیدارەی کەرکووک بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە بودجەیان بۆ رەوانە بکەن تاوەکو ئەو کارانەی پێویستن تەواو بکرێن. بەڵێندەرانیش هاواریان لێ هەڵساوە و دەڵێن "راگرتنی پڕۆژە بە تەواونەکراوی چەند لە زیانی خەڵکە، زیاتر ئەوان زەرەر دەکەن و خەرجییان لەسەر زیاد دەبێت".
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هۆکاری جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکان بۆ "ئیدارەی پێشوو"ـی شارەکە دەگەڕێنێتەوە. عەبدوڵڵا میروەیس لە بەرپرسیار گوتی: "هەوڵی بەردەوام دەدەین بتوانین پارەی پێویست بۆ پڕۆژە راگیراوەکانی شار دابین بکەین. سیاسی، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێویست بە شار بگات. کێشەیەکی ئەنجوومەن ئەوەیە 7 ئەندامی ئەنجوومەن لەکار نین و دەوام ناکەن، ئەمەش وایکردووە نەتوانین هەر 16 ئەندامەکە بە یەک دەنگ گوشارێک دروستبکەین هەندێ جاریش گوشارەکە سیاسەتی تێدەکەوێ. دەبێ ئەو گوشارە بکەین بۆ ئەوەی بودجەی پێویست دابین بکرێ."
وەکو سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق باسی دەکات، "هەوڵی زۆر" هەن بۆ تەرخانکردنی بودجە و نازانن هەوڵەکان بەکوێ دەگات: "لەگەڵ هاوڕێکانمان لە شارەکانی دیکەی عێراق کەم تاوەکو زۆر پارەیان پێدەگات، بەڵام بەڵێندەرانی کەرکووک پارەی پێویستیان پێناگات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ