شارەوانیی بەردەڕەش: 7 پڕۆژەمان بە بەهای 8 ملیار دینار لە جێبەجێکردندان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت، بە بەهای نزیکەی 8 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزاکە خراونەتەوە واری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێت، چەند پڕۆژەیەکی دیکەیان بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار تەواوکراوە.
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی دۆخی خزمەتگوزاریی قەزاکەی کرد و گوتی، لە ئەمساڵدا بە گوژمەی 8 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەیان خراونەتە واری جێبەجیکردنەوە کە لە سێکتەرەکانی، رێگەوبان و ئاوەڕۆ و چاکسازیی شەقامەکان.
بەگوتەی سیروان حەسەن، بەشێک لە پڕۆژەکان تەواوکراون و 7 پڕۆژەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە و بەڕێژەی جیاواز جێبەجێکراون لەنێوان 50٪ بۆ نزیکەی 80٪ کاریان تێداکراوە.
بەهۆی قەیران و نەبوونی نەختینە، بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی حکومەت گرفتی داراییان بۆ دروست بووە، بەڵام سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت، " هەموو ئەو پڕۆژانەی لە قەزاکە خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە، کارکردن تێیاندا بەردەوامە، تاوەکو ئێستا کێشەی نەختینە بۆ پڕۆژەکانمان دروست نەبووە."
بەگوتەی سیروان حەسەن، رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 7 ملیار دیناری دیکە دراوە بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی دیکەی ئاوەڕۆ و رێگەوبان لە قەزاکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوەڕۆیەکی سندووقی بە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار بوو تەواو بووە و ئێستا کراوەتەوە.
لەبارەی کارەکانی چاکسازیی شەقامە نێوخۆییەکان، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت، لەو گەڕەک و کۆڵانانەی پێویستان بە چاککردنەوەی شەقامەکان بێت بەردەوام کاری چاککردنەوەیان بۆ جێبەجێ دەکەین.
پرۆژەی جووتسایدی بەردەڕەش-کەڵەک ئێستا لە قۆناخی دیزاینکردندایە، سیروان حەسەن دەڵێت، "دووسایدی ناوداران" لە بەردەڕەش دەگەیێندرێتە پڕۆژەی رێگەی بەردەڕەش-کەڵەک، بەگوێرەی دیزاینەکەی هەردووکیان تێکەڵ دەکرێت.
لەبارەی دروستکردنی پارکێکی گشتی، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت، "ناوچەی پێشەسازی کۆنی بەردەڕەش دەکەینە پارکێکی گشتی بۆ شارەکە و لە داهاتوویش هەر بودجەیەکمان بۆ تەرخان بکرێت بەشێکی بۆ ئەو پارکە دەبێت."