لە گوندێکی رواندز هێڵی پەیوەندی کار ناکات و هەواڵەکانی جیهان درەنگتر دەزانن
رووداو دیجیتاڵ
گوندی سەرانە لە سنووری قەزای رواندز لە نێو دۆڵێکی دەوردراو بە زنجیرەیەک چیای بەرز هەڵکەوتووە. هەر ئەو چیا بەرزانە بوونەتە بەربەستی گەیشتنی هێڵەکانی پەیوەندیکردن بەو گوندە.
هاونیشتمانییانی گوندەکە دەڵێن، بەهۆی ئەوەی هێڵی پەیوەندی نییە، مۆبایل لەگەڵ خۆیان هەڵناگرن و لە ماڵەوە دایدەنێن.
کاکەمین عەزیز، هاونیشتمانییەکی گوندەکەیە، لە ماڵەکەی خۆیدا قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی: لە ماڵی ئەوان هەندێکجار هێڵەکان بە ئەستەم دەتوانرێت پەیوەندییان لەسەر وەربگیرێت. ئەوەش بووەتە کێشە بۆیان. "فەقێیەک لە گوندەکەمان باوکی مردبوو، چەندێک هەوڵیان دابوو تەلەفۆنی بۆ بکەن، بێسوود بوو، رۆژی دواتر زانی کە باوکی مردووە."
رێگەی گەیشتن بەو گوندە وەک خراپیی هێڵەکانی پەیوەندیکردن، خراپە و لە زۆر شوێن تێکچووە.
خەڵکی ئەو گوندە هەواڵەکانی دەرەوەی گوندەکەی خۆیان درەنگتر پێدەگات. هاونیشتمانییەکی دیکەی گوندەکە قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێت: لێرە رێگەوبان لە هەموو شتێک پێویستترە، سەرەتای هاتنەژوورەوە بۆ گوندەکە هەر زۆر وێرانە، سەرباری ئەوەی رێگەکەمان خراپە، شەبەکەی مۆبایلیش هەر زۆر خراپە، پێویستییەکمان هەبێت، هەر دەبێ کەسی دیکە بێت و پێمان بڵێت، هەواڵمان زۆر درەنگ پێدەگەن.
18 فەقێ بۆ خوێندنی ئایینی بەردەوام میوانی ئەو گوندەن، سرووشتی گوندەکە جوانە و دەوڵەمەندە بە بەرهەمی ترێ، دووری لە شار، خراپیی رێگە و نەبوونی هێڵی پەیوەندی بەربەستی بەردەم سوودبینین بووە لە کشتوکاڵ و سرووشتەکەی.
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز بە رووداوی راگەیاند: لەبارەی نەبوونی هێڵی پەیوەندیکردن بەتایبەت بۆ مۆبایل داواکاریی هاونیشتمانییانمان گەیاندووەتە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن. سەبارەت بە رێگەی گوندەکەش، کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی دەکەین. لە پلانیشدا هاتووە رێگەکە بە شێوەی ئەندازەیی چاکبکرێتەوە و بکەوێتە خزمەتی خەڵکەوە.
ئێستا 25 ماڵ لەو گوندەدان و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 100 کەسە. لەگەڵ ئەوەی وەرزی زستان سەختە بۆیان، بەڵام هیچ کات گوندەکە چۆڵ نەکراوە.