لە ورمێ سێ بەندکراوی کورد بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدران

29-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمرۆ هەینی چوار بەندکراوی سیاسی کە سیانیان کوردن و خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بە تۆمەتی "سیخوریکردن بۆ ئیسرائیل" لە گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارە لەسێدارە دران.
 
رۆژی هەینی، 29ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئاژانسی هەواڵی میزانی دەسەڵاتی دادی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ بەیانی چوار ئەندامی گرووپێکی تێکدەری سەر بە رژێمی زایۆنی [ئیسرائیل] لەسێدارەدران."
 
ئەو چوار کەسەی کە لەسێدارەدراون، سێ پیاو و ژنێک بوون بە ناوەکانی وەفا هنارە، ئارام عومەری بەردیانی، رەحمان پەرحازۆ و نەسیم نەمازی و جگە لە "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل"، تۆمەتی "شەڕهەڵگیرسان دژی خوا و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی"ـیان درابووە پاڵ.
 
ئاژانسی هەواڵی میزان دەشڵێت، "ئەو گرووپە چوار کەسییە چەندین کاریان بە رێنمایی ئیسرائیل دژی ئاسایشی ئێران کردووە."
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، "ئەو گرووپە چەندین چالاکیان لە پارێزگاکانی تاران، ورمێ و هورموزگان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کردووە".
 
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەکانی ئەو کەسانەیان گوتووە، تەرمەکانیان نادەنەوە.
 
ئەو کەسانە ساڵی رابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری ورمێ دەستگیر کرابوون و لە لایەن لقی سێ دادگەی شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوریکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
 
پەیوەندیدار بە هەمان دۆسیە، پێنج هاونیشتمانیی دیکەی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی فەخرەدین دودکانلوی میلان، ئەشکان عوسمان نەژاد گوندک مەڵا، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق گەنگەچین، لە پاییز و زستانی ساڵی 2022 دەستگیر کرابوون و بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە سیخوریکردن بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل" و "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران" بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادرابوون.
 
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دوای ئەوە هات، لە مانگی نیسانی ساڵی 2022، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تێدا لە لایەن چەند کەسێکەوە لێپرسینەوە لەگەڵ مەنسوور رەسووڵی، ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران دەکرێت. دواتر میدیای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە مۆساد پلانێکی ئێرانی بۆ تیرۆرکردنی چەند بەرپرس و دیپلۆماتی ئیسرائیلی هەڵوەشاندەوە و لە ناو خاکی ئێراندا لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەندامێکی سوپای پاسداراندا کردووە و دواتر ئازادی کردووە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەڤیدیۆیە، مەنسوور رەسووڵی لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی ورمێ دەستگیر کرا.
 
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، پیاوێکیان لەسێدارە داوە، کە تۆمەتی کارکردنی بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل – مۆسادی بەسەردا ساخبووەتەوە.
 
لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووش، ئێران چوار کەسی دیکەی بە ناوەکانی حوسێن ئوردوخانزادە، شاهین ئیمانی مەحموودئاباد، میلاد ئاشتیانی ئاتباتان و مەنوچێهر شەهبەندی بەجەندی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، لەسێدارە دا.
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.
 
رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا کۆماری ئیسلامیی ئێران 354 کەسی لەسێدارە داوە، بەشی زۆری لەسێدارەدراوەکانیش لە پێکهاتەی بەلووچن.
 
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ساڵی رابردوو 582 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. ئەوەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2021ـدا 331 کەس لەسێدارەدرابوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە