بەشێکی شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک گلەییان لە ژمارەکانی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار هەیە: ئامارەکان راست نین
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا، 7.5 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەڵام خاوەن شوێنی گەشتیاری لە دهۆک دەڵێن، ئەو ژمارەیە راست نییە و "تەنیا باجمان لەسەر زیاتر دەکات."
هەژار سەعدوڵڵا، خاوەنی شوێنێکی گەشتیارییە لە شاری دهۆک، ئامادەکاریی بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ کردووە، بەڵام ئەوانەی سەردانی دەکەن، گەشتیار نین.
هەژار دەڵێت، "ئەو ئامارانەی بڵاودەکرێنەوە راست نین، ژمارە زۆرەکە هیچ سوودێک بە ئێمەی خاوەن شوێنی گەشتیاری ناگەیێنێت. نەک هەر من، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەی خاوەن شوێنی گەشتیارین. ئەم ئامارە تەنیا بارگرانییەکە بەسەرمانەوە و رێژەی باجمان لەسەر زیاد دەکات."
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک گلەیی ئەوە دەکات کە بۆ سەری ساڵ، هۆتێلەکەی خۆی و هاوپیشەکانی چۆڵن.
باوەر پاسی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک دەڵێت، "ئەم ئامارانە ماڵی ئێمەیان وێران کرد، رسوومات و باجی لەسەر زیادکردووین، واتە ئەگەر داتای دروست هەبن، کوا ئەو گەشتیارانە؟ هێندەی من ئاگادار بم، هیچ هۆتێلێک بۆ سەری ساڵ نەگیراوە، تاوەکو هیچ شتێکی لەو جۆرە نییە."
دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا، 7.5 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ ئەو ئامارانە لە بازگەکان تۆمار دەکرێن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، "شوێنێکی گەشتیاری کە میوانی نییە، بەشێک لە ھوکارەکە خۆیەتی، وەرزی زستان وەرزی گەشتیاری نییە، تۆ لەو کاتەدا دەبێ داشکاندن بکەی، دەبێ ئۆفەر رابگەیێنی و چالاکی بکەی بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران رابکێشیت."
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی رادەگەیێندرێن، ساڵانە بۆ شەوانی سەری ساڵ 30 بۆ 35 هەزار گەشتیار سەردانی دهۆک دەکەن.