رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێکی تەقەکردن لە کۆمەڵگەی سمایل بەگی سەر بە ناحیەی شوان لە سنووری پارێزگای کەرکووک کەسێک گیانی لەدەستدا و لە رووداوێکی دیکەدا هاووڵاتییەک لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا بە چەقۆ بریندار کرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی سنوورەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو کەس کە خاڵۆزا و پورزای یەکدین، بووەتە شەڕیان و لە ئەنجامدا تەقەکراوە، بەهۆیەوە کەسێک بەناوی توانا فەتحوڵڵا برینداربووە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەر لەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
ئەو سەرچاوە ئەمنییە بە رووداوی گوت، "هەر ئەمڕۆ لەئاهەنگێکی بووک گواستنەوە شەڕە چەقۆ دروست بووە و گەنجێک بەناوی هەڤاڵ هونەر بەسێ چەقۆ بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کراوە."
بەپێی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک، هەر لە کۆمەڵگەی سمایل بەگی سنووری ناحیەی شوان، ئەمڕۆ هەینی، لە رووداوێکی دیکەدا، پیاوێک بە چەکەوە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵێک کە پێشووتر کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە و تەقەی لە ماڵەکە کردووە، بەڵام لە رووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ