سزای بڵاوکردنەوەی ئاڵای تورکیا لەسەر نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران هەڵگیرا

رووداو دیجیتاڵ 

رۆشەن فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران، بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کە 10 ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان گیراوە و لە پشتەوە ئاڵای کوردستان دەرکەوتووە، لەلایەن دادگەی خنووسی پارێزگای ئەرزەرۆم، سزادراوە بەوەی کە دەبێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاڵای تورکیا بڵاوبکاتەوە، ئەو نەوەیەی شێخ سەعید دەڵێت؛ "ئەمڕۆ پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان سزاکەت لەسەر هەڵگیراوە."
 
رۆشەن فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیرانە و چیرۆکی ئەو وێنەیە بۆ راوین ستێرک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت؛ "10 ساڵ لەمەوبەر وێنەیەکم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبووەوە، ئەم ساڵ لەسەر ئەو وێنەیە دادگە سزای بەسەردا سەپاندم."
 
 لەبارەی چۆنیەتی دادگەییکردنەکەی لە دادگەی خنووسی سەر بە پارێزگای ئەرزەرۆم، رۆشەن فرات گوتی؛ "دادوەرەکە لێی پرسیم تۆ ئەو وێنەیەت بڵاوکردووەتەوە؟ گوتم بەڵێ. گوتی، تۆ رۆیشتووی بۆ عێراق؟ گوتم، بەڵێ رۆیشتووم. پێی گوتم، تۆ لەوێ وێنەکەت بڵاوکردووەتەوە؟ گوتم، بەڵێ. دواتر لێی پرسیم لە ژیانت دا هەرگیز وێنەی ئاڵای تورکیات بڵاوکردووەتەوە؟ گوتم، نا، لەبەرئەوەی ئێمە لەژێر ئەو ئاڵایەدا دەژین. گوتی، ئەی بۆ هەرگیز بڵاوت نەکردووەتەوە؟"
 
دادوەر بەهۆی ئەو وێنەیەوە کە 10 ساڵ لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە، سزای رۆشن فرات دەدات و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "دادوەر گوتی یان دەبێ تۆ بگرم، یان بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاڵای تورکیا لە ئەکاونتی خۆت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەیەوە، گوتم لەو وڵاتەدا دەژیم، بەلامەوە سەیرە بۆ دەبێ بڵاوی بکەمەوە؟ گوتی سزاکەت ئەوەیە، بۆ ماوەی مانگێک ئاڵای تورکیا بڵاوبکەیەوە. بەو بڕیارە پێکەنینم هات."
 
رۆشەن فرات ماوەی سێ رۆژە ئاڵای تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە و بە پێکەنینەوە دەڵێت، "ناچارم هەموو رۆژێک ئاڵای تورکان بڵاوبکەمەوە" و، دەشڵێت، مرۆڤ کە بە دڵی خۆی وێنەیەک بڵاوبکاتەوە، جیاوازە لەوەی کە بە زۆرپێی بڵاوبکەنەوە.
 
لەدوای ئەو بڕیارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تورکەکان سووکایەتییەکی زۆریان بەو نەوەیەی شێخ سەعیدی پیران کردووە و دەڵێت؛ "تەنانەت گەیشتە ئەو رادەیەی ناونیشانی ماڵی ئێمەیان بڵاودەکردەوە، لەم سێ رۆژەدا خۆم و ماڵباتەکەم زۆر هەراسانکراین".
 
رۆشەن لە دادگە تانەی لەو بڕیارە داوە و وەکو ئاماژەی پێدەدات، تانەکەی لە دادگە وەرگیراوە و "ئەمڕۆ پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان سزای بڵاوکردنەوەی ئاڵای تورکیات لەسەر هەڵگیراوە."
 
بە گوێرەی ئەو سزایەی دادگەی خنووس بۆ نەوەی شێخ سەعیدی پیران دیاریکردبوو، دەبوایە لە هەفتەیەکدا سێ رۆژ خۆی بە دادگە بناسێنێت و واژۆ بکات، ئێستا دوای تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە، ئەو سێ رۆژەیان بۆ کردووە بە یەک رۆژ و دەڵێت؛ "پێیان گوتم، هەفتانە لە بری سێ جار، تەنیا جارێک وەرە بۆ واژۆکردن."