ئەندامێکی لیژنەی دابەشكردنی نەوت: بۆ دابەشکردنی لە سەنتەری سلێمانی چاوەڕێی نەوتەکەی بەغداین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێكی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی رایگەیاند، دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكانی سلێمانی تەواو بووە، بۆ دابەشکردنی نەوتیش لە سەنتەری شار و دەوروبەری، چاوەڕێی نەوتی بەغدا دەكەن.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ، دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری سلێمانی كۆتاییهاتووە و گوتی، "لە 19 ملیۆن و 604 هەزار لیتر نەوت 18 ملیۆن و 828 هەزار لیترمان دابەشكردووە، واتە 98%ی ناوچە شاخاوییەكان نەوتیان وەرگرتووە، ئەوەی ماوە (موتەفەریقەی) پێدەڵێن ئەوانیش دابەش دەكەین."
لەبارەی دابەشكردنی نەوت لەنێو شاری سلێمانی و دەوروبەری، ئەندامەكەی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی گوتی، بۆ ئەوە چاوەڕێی نەوتی بەغدا دەكەن و "پێشبینی دەكەین دوای پشووەكانی سەری ساڵ نەوتی بەغداش بگات، ئەو كاتە بەپێی ئەو نرخەی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دیاری دەكرێت، دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەین."
بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەرمیلێك نەوت بە 103هەزار و 500 دینار دابەش بكات.
ئەگەر هەموو خێزانێكی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین یەك بەرمیل نەوت وەربگرن، ئەوا پێداویستیی سنوورەكە 110 ملیۆن لیترە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 19ی کانوونی یەکەم، 36 ملیۆن و 869 هەزار و 400 لیتر نەوت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابەشکراوە و 184 هەزار و 347 خێزان لێی سوودمەند بوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 70 ملیار دیناری بۆ کڕینی نەوت تەرخانکردووە و بە شێوەی تەندەر 320 هەزار بەرمیلی بە نرخی 284 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابینکردووە. هەروەها پاڵپشتیی حکومەت بۆ نرخی هەر بەرمیلێک "دەگاتە 65% و هاووڵاتییانیش 35%ی نرخەکەی دەدەن."