ئەندامێکی لیژنەی دابەشكردنی نەوت: بۆ دابەشکردنی لە سەنتەری سلێمانی چاوەڕێی نەوتەکەی بەغداین

29-12-2022
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێكی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی رایگەیاند، دابەشكردنی ‏نەوت لە ناوچە شاخاوییەكانی سلێمانی تەواو بووە، بۆ دابەشکردنی نەوتیش لە سەنتەری شار و دەوروبەری، چاوەڕێی نەوتی بەغدا دەكەن.‏
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە ‏بەڕێوەبەرایەتیی ‏نەوت ‌و كانزاكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ، دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری سلێمانی كۆتاییهاتووە و گوتی، "لە 19 ملیۆن ‌و 604 هەزار لیتر نەوت 18 ملیۆن ‌و ‏‏828 هەزار لیترمان دابەشكردووە، واتە 98%ی ناوچە شاخاوییەكان نەوتیان ‏وەرگرتووە، ئەوەی ماوە (موتەفەریقەی) پێدەڵێن ئەوانیش دابەش ‏دەكەین."
 
لەبارەی دابەشكردنی نەوت لەنێو شاری سلێمانی ‌و دەوروبەری، ‏ئەندامەكەی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت ‌و ‏كانزاكانی سلێمانی گوتی، بۆ ئەوە چاوەڕێی نەوتی بەغدا ‏دەكەن ‌و "پێشبینی دەكەین دوای پشووەكانی سەری ساڵ ‏نەوتی بەغداش بگات، ئەو كاتە بەپێی ئەو نرخەی لە وەزارەتی سامانە ‏سرووشتییەكان دیاری دەكرێت، دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەین."
 
بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ‏بەرمیلێك نەوت بە 103هەزار ‌و 500 دینار ‏دابەش بكات.‏
 
ئەگەر هەموو خێزانێكی سنووری سلێمانی‌ و هەڵەبجە ‌و ئیدارەكانی ‏گەرمیان ‌و راپەڕین یەك بەرمیل نەوت وەربگرن، ئەوا پێداویستیی ‏سنوورەكە 110 ملیۆن لیترە.‏
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 19ی کانوونی یەکەم، 36 ملیۆن و 869 هەزار و 400 لیتر نەوت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابەشکراوە و 184 هەزار و 347 خێزان لێی سوودمەند بوون.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 70 ملیار دیناری بۆ کڕینی نەوت تەرخانکردووە و بە شێوەی تەندەر 320 هەزار بەرمیلی بە نرخی 284 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابینکردووە. هەروەها پاڵپشتیی حکومەت بۆ نرخی هەر بەرمیلێک "دەگاتە 65% و هاووڵاتییانیش 35%ی نرخەکەی دەدەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە