دوای شنگال، داوای تاپۆکردنی زەوییەکانی چەند ناوچەیەکی شێخان و تلکێف دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق داوادەکات هاوشێوەی شنگال، زەوییەکانی چەند ناوچەیەکی قەزای شێخان و قەزای تلکێف تاپۆ بکرێن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-12-2022، شەریف سلێمان، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری تاپۆکردنی زەوی و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون لە شنگال، هەنگاوێکی گرنگ و دروستە. دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاسایشی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
 
شەریف سلێمان، کە هاوکات نوێنەری پارێزگای نەینەوایە لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی، "هەندێک ناوچەی دیکەش ماون، پێویستە بڕیاری هاوشێوەیان بۆ دەربکرێت، لەوانە: نزیکەی 10 بۆ 12 گوندی سنووری قەزای شێخان لە کۆمەڵگەی مەهەت و ژمارەیەک گوند و ناوچەی تلکێف."
 
رۆژی سێشەممە 27-12-2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دران؛ یەکێکیان تاپۆکردنی خانووەکانی سنووری شنگالە. نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە ساڵی 1975ـەوە خەڵکێکی زۆر لە سنووری شنگال خانوویان بەناو نەکراوە، ئەوەش بەهۆی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی پێشووی عێراقەوە.
 
مەحما خەلیل، نوێنەری شنگال لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 27-12-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەکو سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی پەرلەمانی عێراق نووسراویان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی کردووە و گوتوویانە، خەڵکی شنگال پێویستیان بە تاپۆکردنی خانووەکانیانە.
 
یەکێک لەو شوێنانەی لە بڕیارەکە سوودمەند دەبێت شارۆچکەی سنوونێیە. مەحما خەلیل دەڵێت، "سنووری سنوونێ 194 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن و پێشتر تەنیا سەنتەری شارۆچکەکە تاپۆی هەبووە، بەڵام ئەم بڕیارە هەموو شت دەگۆڕێت و هەموو خەڵکی سنووری ئەو شارۆچکەیە دەگرێتەوە."
 
مەحما خەلیل گوتیشی، بڕیارەکە سوودی بۆ خەڵکی سنووری شارۆچکەی قەیرەوانیش هەیە کە نزیکەی 90 هەزار کەس تێیدا دەژین. ناوبراو ئاماژەی بە بەرژەوەندیی کوردانی ئێزدی لە بڕیارەکە کرد و گوتی، پێشتر خەڵک داوای قەرەبووی زیانەکانی داعشی کردووە، بەڵام حکومەت داوای تاپۆی لێدەکردن، "خەڵک دوو جار سوودمەند دەبن. یەکەم، بۆ قەرەبوو وەرگرتنەوە. دووەم، دەتوانن قەرزی خانووبەرە وەربگرن."
 
پەرلەمانتارەکەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ کاتێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیاری نەکراوە، بەڵام ئەوان چاودێریی دەکەن.