رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرای - هەسەدە ئاشکرای کرد، لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا سوپای تورکیا 120 هێرشی درۆنیی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا.
رۆژی چوارشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2022، هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماری ئەمساڵی تایبەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تورکیا لە ماوەی ئەمساڵدا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، تۆپباران و تانک، زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی مەدەنی و ناوچەکانی نیشتەجێی سڤیل و کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا گەیاندووە.
هەر بەگوێرەی ئەو ئامارانەی هەسەدە خستوویەتیەڕوو، تورکیا لە ماوەی ئەمساڵدا، 120 هێرشی درۆنیی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کردووە، هەروەها 43 هێرشی ئاسمانیشی کردووە.
هەسەدە دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئەمساڵی تورکیاوە، 59 سڤیل کوژراون و 263 کەسی دیکەش بریندار بوون، لە بەرامبەردا هەسەدە 44 سەربازی تورکیایان کوشتووە، لەگەڵ 22 چەکداری گرووپەکانی نزیک لە تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە هەسەدە ئاشکرای کردووە، ئەمساڵ هێزەکانیان 113 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ئەنجامداوە و لەو ئۆپەراسیۆنانەشدا، 387 چەکداری داعش کوژراون و 267 چەکداری دیکەشیان دەستگیر کردووە، لە بەرامبەریشدا، داعش 176 هێرشی کردووە، لەنێویشیان هێرشی خۆکوژیی و تەقاندنەوەی مین هەبووە.
هەسەدە زیانەکانی هێزەکانی خۆیشی بۆ ساڵی 2022 ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ئەمساڵ 179 شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە کە 95یان لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا کوژراون و 69شیان لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعشدا.
هەروەها هەسەدە جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ رێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان و داواشی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرد لەدوای ساڵی نوێوە، هاوکارییەکانیان بۆ هەسەدە زیاتر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ