هێزەکانی ئێران رێگری لە چوونی کۆڵبەران بۆ ناوچە سنوورییەکان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سوپای پاسداران و پاسەوانیی سنووری ئێران لەسەر رێگەی هاتووچۆی کۆڵبەران خاڵی پشکنینیان داناوە و رێگەیان پێ نادەن بەرەو ناوچە سنوورییەکان بچن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، هێزەکانی سوپای پاسداران لە شارەکانی بانە، سەوڵاوا، پاوە و جوانڕۆ لەسەر رێگە سەرەکییەکانی چوونی کۆڵبەران بۆ ناوچە سنوورییەکان خاڵی پشکنینیان داناوە و رێگە بە هاتووچۆی ئەو کەسانە نادەن، بۆ کاری کۆڵبەری دەیانەوێ بچنە ناوچە سنوورییەکان. تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدەن کە نیشتەجێی گوند و شارۆچکە سنوورییەکان بن. بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەش پێشتر بە کرێ کۆڵبەرانیان بۆ ناوچە سنوورییەکان دەگواستەوە ئاگادار کراونەتەوە کە نابێ کۆڵبەران بگوازنەوە.
 
رێگریکردن لە چوونی کۆڵبەران بۆ ناوچە سنوورییەکان دوای بەڕێوەچوونی ناڕەزاییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بووە. 
بەپێی ئاماری ئاژانسی کۆڵبەرنیوز، لە نێوەڕاستی مانگی 9ی ئەمساڵەوە کە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، لانیکەم 12 کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
 
محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان رۆژی چوارشەممە، 28/12/2022، رایگەیاند، حکومەت پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەری ئامادەکردووە و بە وردی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.
 
بەپێی ئاماری ئاژانسی ئیرنا، زمانحاڵی حکومەتی ئێران، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان 80 تاوەکو 170 هەزار کەس کۆڵبەری دەکەن. بەرپرسانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخیش لە ئێران دەڵێن، لەو سێ پارێزگایە 70 هەزار کەس بە بەردەوامی کۆڵبەری دەکەن و کۆڵبەری سەرچاوەی بژێویی ژیانی 300 هەزار کەسە.