بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان: ئەمساڵ نزیکەی 16 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، قەبارەی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران زیاتر بووە لە 16 ملیار دۆلار و دەشڵیت، ئەمساڵ 168 مۆڵەتی بازرگانی دراوە بۆ هەناردەکردنی کاڵا بە بەهای زیاتر لە 672 ملیۆن دۆلار.
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2021دا 5152 مۆڵەتیان بە بازرگانان داوە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و بە بەهای زیاتر لە 7 ملیار دۆلار بازرگانی کراوە، بەڵام ئەمساڵ مۆڵەتی هاوردەکردن بە 5204 بازرگان دراوە کە بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار دۆلار کاڵایان هاوردە کردووە.
 
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، بێجگە لە هاوردەکردن، هاوکات مۆڵەتی هەناردەکردن لە ساڵی رابردوودا بە 205 بازرگان دراوە بە بەهای 230 ملیۆن دۆلار. هەروەک ئەمساڵ 168 مۆڵەت دراوە، بەڵام قەبارەی بازرگانییەکە زیاتر بووە لە 672 ملیۆن دۆلار.
 
بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "راستە ئەمساڵ ژمارەی مۆڵەتەکانیان بۆ بازرگانان کەمترە لەچاو ساڵی رابردوودا، بەڵام قەبارەی بازرگانییەکە گەورەترە و زیاترە"، هەوەک ئاماژە بەوەش دەکات، لە رابردوودا بازرگان دەیتوانی بە یەک "رەسید" چەند جۆریک کاڵا بهێنیت، بەڵام ئەمساڵ سنووردارکراو دەبێت هەر کاڵایەک مۆڵەتی خۆی هەبێت.
 
لەبارەی زۆرترین قەبارەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەو کاڵایانەی هاوردە کراون، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، ئەمساڵ زۆرترین کاڵای هاوردەکراو خۆراک بووە بە پلەی یەکەم، پاشان کەلوپەلی بیناسازی و دەرمانی پزیشکی بە پلەی دووەم و سێیەم دێن.
 
لە سەرەتای كانوونی یەكەمی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی هەناردەکردنی هەناری هەرێمی کوردستانی بۆ دەرەوە راگەیاند. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سەرەتای پرۆسەی هەناردەکردنی هەناری هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 1500 تۆن هەنار هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەک ئێستا بەرهەمی پەتاتەش زیاد بووە و کارد بۆ هەناردەکردنی دەکرێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەرێمی کوردستان لە چەند بەرهەمێکدا توانیویەتی بگاتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمەکانی هەناردەی دەرەوە بکات، "ئێستا بەرهەمی هێلکە لە ئاستی خۆبژێوی زیاترە و کار بۆ هەناردەکردنی دەکرێت، هەروەک بەرهەمی کیڵگەکانی پەلەوەر [مریشک]یش لە ئاستی خۆبژێوی زیاترە و کار بۆ هەناردەکردنی دەکرێت."
 
ئەمساڵ هەرێمی زۆرترین قەبارەی بازرگانیکردنی لەگەڵ دەرەوەدا هاوردەکردن بووە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرترین کاڵا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بووە، بەڵام تورکیا زیاتر رۆڵی ترانزێت دەبینێت، چونکە لە هاوردەکردنی کاڵا لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاوە لە رێگەی تورکیاوە هاوردە دەکرێت، هەروەک دواتر وڵاتی ئێران دێت."
 
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، لە ساڵی 2022دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 ملیار دۆلار بووە و زۆرینەی ئەو بازرگانییە لەگەڵ تورکیا بووە و دواتر ئێران.
 
زۆرترین بازرگانییش بە پلەی یەکەم لە رێگەی هەر چوار دەروازەی نێودەوڵەتیی (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان)ەوە کراوە، پاشان فڕۆکەخانەکان (هەولێر و سلێمانی).
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات، بازاڕ بۆ کاڵا و بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە، بەتایبەت ئێستا لە چەند بوارێکدا دەکرێت، کاڵا و شمەک هەناردەی دەرەوە بکرێت وەکو شیش و چیمەنتۆ، چونکە لە پێداویستیی نێوخۆیی زیاترە.
 
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا وەزارەتی بازرگانی نووسینگەی بازرگانیی لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی دهۆک کردووەتەوە بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان بۆئەوەی سەردانی هەولێر نەکەن و لە دهۆک مامەڵەکانیان رایی بکەن، هەروەک لە پلانیاندایە بۆئەوەی هەمان نووسینگەی بازرگانییش لە سلێمانی بکرێتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەشڵیت، "لە پلانیاندایە سیستمێکی ئەلیکترۆنی دابنێن بۆ پێدانی مۆڵەتی بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵا، بازرگانان لە ماڵەوە داوای مۆڵەت بکەن و بە ئاسانی مۆڵەتیان پێ بدرێت."