لە دێرسم 11 کەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان 11 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کران.
 
ئۆپەراسیۆنەکە درەنگانی شەوی چوارشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2022 لە شارۆچکەکانی چەمیشگەزەک و خۆزات بەڕێوەچوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمە لەو دوو شارۆچکەیەدا ئۆپەراسیۆنیان دژی فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر لەسەر شەقامەکان کردووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین ناونیشان، کە پێشتر دەستنیشان کراون و 11 کەس دەستبەسەر کران.
 
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا بڕێک هێرۆین و دوو تفەنگی راو دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا زیادیکردووە.
 
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی 7ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەفتانە 5000 کەس بە تۆمەتی بازرگانی یان بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر دەکەن.