کۆمەڵەی کرێنشینانی هەولێر: تائێستا 23 هەزار کرێنشین لای ئێمە تۆمارکراون

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینان دەڵێت تاوەکو ئێستا لای ئەوان 23 هەزار کرێنشین تۆمارکراون و رۆژبەڕۆژیش ژمارەکە زیاد دەبێت.
 
مەحموود ئیسماعیل، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کرێی خانووبەرە بەهۆی دابەزینی نرخی دینارەوە لەسەر کرێنشینان زیاد بووە و ناتوانن مانگانە پارەی کرێ دابین بکەن."
 
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینان ئاماژەی بەوە دا، ئەوان دۆخ و نەهامەتیی کرێنشینان بە لایەنی پەیوەندیدار دەگەیێنن بۆ ئەوەی ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر رەوشی کرێنشینان نەبێت.
 
مەحموود ئیسماعیل گوتی: "بۆ ئەوەی ئەم دۆخە لەسەر کرێنشینان سووک بکرێت، باشترە کە پەرلەمان رێنمایی یان یاسایەک دەربکات و حکومەت جێبەجێی بکات تاوەکو کرێنشین باری قورس نەبێت."
 
بە گوتەی سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینان، رۆژانە رێژەی کرێنشین لە زیادبووندایە و لە 2009وە تاوەکو ئێستا 23 هەزار کرێنشین لای ئەوان تۆمارکراون و دەشڵێت: "تا یاسایەک بۆ دیاریکردنی کرێی خانوو و شوقە دەرنەچێت، ئەوا خاوەنی موڵک بە ئارەزووی خۆی نرخ دادەنێت."