پۆلیسی هەولێر: ئەو شۆفێرەی لە شاوێس لە کچێکی دا و کوشتی، دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەو شوفێرەی لە شاوێس لە کچێکی دا و بووە هۆی مردنی، دەستگیرکرا.
 
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە شارۆچکەی شاوێشی هەولێر ئۆتۆمبێلێک خۆی لە منداڵێکی کچ دا و شوفێرەکەش هەڵات، بە داخەوە کچەکە گیانی لە دەستدابوو، ئەمڕۆ تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر کرا کە کوڕێکی گەنجە."
 
هۆگر عەزیز، باسی لەوە کرد، بەشی پۆلیسی عەنكاوه و بنکەی پۆلیسی پیرزین، دوای بەدواداچوونی ورد توانییان شوێنی حەوانەوە و ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی "ح. ج. م." ئاشکرا بکەن و دەستگیری بکەن.
 
هەروەها گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی گوت کە تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بۆیە بەپێی ماددە 24ی هاتووچۆ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.
 
رۆژی 23ی کانوونی یەکەمی 2020 گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا ئاماری تاوانەکانی ئەو ساڵەی بە هەموو جۆرەکانییەوە خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە لەو ساڵەدا 10 هەزار و 681 تاوان کراون، لەو ژمارەیەش نۆ هەزار و 846 تاوان ئاشكراكراون و دراون بە دادگا.