نامە

29-12-2019
رەسوڵ سوڵتانی
نیشانەکردن ئەدەب و کولتوور
A+ A-

كە هات، زۆر بە كەفوكوڵ بوو. زۆرجار سەری لەو سوعبەت و گاڵتە و جەفەنگانە سوڕدەما كە ئێمە دەمانكردن. نازانم چ وێنەیەكی ئێمەی لە زەیندا بوو، چۆنی بیر لە ئێمە دەكردەوە كە وەختێك ئاوای دەدیتین، سڕ دەبوو، دەحەپەسا و تاوێك ڕادەما و سەرێكی بادەدا. دیار بوو خەفەتی لێ دەخوا یان بڕوا ناكا. 
 
دەتگوت بۆ شتێك هاتووە و بەسەر شتێكی دیكەدا كەوتووە. سێ چوار جاران چووبووە بەشی سیاسی نیزامی و گوتبووی ئەگەر كارێكی ناوخۆی وڵاتم پێ نەسپێرن و نەمنێرنەوە دەڕۆم. ئەمن نەهاتووم بۆ بیرەخواردنەوە و تاوڵەكردن، هاتووم خەبات بكەم. ئێمەش كە ئیدی ساڵانێك بوو هاتبووین، هەر گاڵتەمان بەو كەفوكوڵە دەهات. كوڕەكان دەیانگوت ئەو هەتیوە تازە سەری لە هێلكە هێناوەتە دەرێ، دەیەوێ بڵێ ئەمن لە ئێوە شۆڕشگێڕترم. دەی تۆقتۆقیلەی لە بن پێی بتەقێ، خۆی تەڕ دەكا.
 
سەردانی یەك دوو پەلی دیكەشی كردبوو. هەر لەو حەفتەی یەكەمەی پاش فێرگەیدا چەند كەسێكی لەوانە دۆزیبووەوە كە بە منداڵی ناوی لەم و لەو بیستبوون و خۆی واتەنی گەلێ شەوان بە ئانقەست و بە بیانووی ئاوداشتنەوە لە مەزرا و دەشتێ مابووەوە بەشكم شەوێك لە شەوان بەوێدا بێنەوە و بیانبینێ. دەیگوت ئامۆزاكەم جارێك بۆی گێڕاومەتەوە كە شەوی بیستوپێنجی گەلاوێژ، لە نێو بێستانەكەمەوە دەنگ دەهات. 
 
زوو زانیم ئەوانە كاڵەكدز نین، چونكە دز بەبێ چپە و دەنگ دێ و تەنانەت بە ماتەماتەش دێ و دەڕوا، كەچی ئەوانە بە دەنگی بەرز قسەیان دەكرد و پێدەكەنین. دەسبەجێ گوتم بێ و نەبێ كوڕەكانن. دەیگوت، لە چارداغەكە هاتمە خوار، بە پشت گوڵەبەڕۆژەكاندا وەرسووڕامەوە، لەبەر رووناكایی مانگەشەوەكە دیتمن، چوار كەس بوون. ئەمنیش بۆ ئەوەی ئەوان نیگەران نەكەم، سەبرێ گەڕامەوە لای چارداغەكە و دیسان لەوێوە بە ویرەویر و گۆرانیگوتن بەرەولایان چوومەوە. وەك ئاگام لێ نەبێ هاتوونە نێو بێستانەكە. پێش ئەوەی بیانگەمێ یەكێكیان بانگی كردم و گوتی: بێستانچی؟ ئەوە لێرەی؟ گوتم بەڵێ.... فەرموون ئێوە كێن؟ گوتی وەرە پێشێ وەرە خۆ ناتخۆین. كە چووم، لە پێشدا زۆر ساردوسڕ بووم بە ئانقەست. 
 
ئاخر جاری وابوو جاشەكان بە جلی پێشمەرگەوە دەهاتن و خۆیان دەكردە پێشمەرگە، بۆ ئەوەی بزانن خەڵك كاردانەوەیان چۆنە و دوایی لە خەڵكیان دەدا. ئەوەی بانگی كردبووم، گوتی: ئێرە مووچە و مەزرای ماڵی فڵانە كەس نییە؟ گوتم با ئەمن برازای ئەوم. ئەو خۆی نەناساند، بەڵام گوتی: نەمانزانی لێرەی دەنا ئاوا بەبێ ئیجازە وەنێو نەدەكەوتین. ئێوارێ بیستمان خەڵكیان بە زۆر ناردوونەوە ماڵەوە و گوتوویانە نابێ هیچ كەسێك ئەمشەو لە دەشتێ بێ. ئەوەی دوو سێ جار گێڕابووەوە و تەنانەت بۆ ئاشناكانیشیانی گێڕابووەوە كە چۆن هەموو هاوینێك، بە درێژایی هاوین لەو دەشتە چاوەڕێیان بووە شەوێك بەوێدا بێن و بیانبینێ. ئەو شتانەی زۆر بە تاموبۆنێكی تایبەتەوە دەگێڕانەوە و تەنانەت لە فێرگەش شانۆیەكی نووسیبوو و لەگەڵ چەند هاودەورەیەكی خۆی دەوریان گێڕابوو، لەوێشدا ئاماژەی بەو شتانە كردبووەوە. ئێستاش هەر جارێكی خەیاڵ هەڵیدەگرت، ئەمن دەمگوت بڵێی ئێستا خەیاڵەكانی و ئەوەی بە واقیع دەیانبینێ چەندە لێك دوور یان نزیك بن؟ ئاخر منیش وا بووم. 
 
نازانم بۆچی سەرەتاكان ئەقڵم نەیدەبڕی دوو پێشمەرگە پێكەوە نێوانیان نەبێ؟ چۆن دەبێ دوو پێشمەرگە دەنگ لە یەكتر بگۆڕن یان بەشەڕیش بێن؟ بەڵام كە وردە وردە ڕۆژ و حەوتە و مانگی بەسەردا هات و ساڵی بەسەردا تێپەڕی، ئەمنیش راهاتم و كەوتمە بەرێك و ڕۆژ هەتا ئێوارێ شیر و تیرم لە بەرەكەی دیكە دەسوو. باڵباڵێن لەبیری بردبووینەوە بۆچی هاتووین و بەرپرسیارێتیمان چییە. لایەك حەزی دەكرد لایەكەی دیكە بڕۆن ملیان بشكێنن و لەكۆڵیان ببنەوە، باڵێكیش حەزیان لە ڕۆیشتن بوو، خواخوایان بوو بیانووەكان بەشی ئەوە بكەن سفرەی خۆیان جوێ بكەنەوە. ئەمنیش ڕاهاتبووم ببمە بەشێك لەو هەرایە و بگرە لێم ببوو بە خوو. 
 
جا كە ئاواتی هەردوولایان وەدی هات، ئەو كەوتە لای ئێمە. لەحاڵێكدا پێش جیابوونەوەكە هەموومان پێمانوابوو لەگەڵ ئەوانی دی دەكەوێ و دەڕوا. هەرچەندە كەسێكی واش نەبوو كە ئەگەر ڕۆیشتبایە گوتبامان حەیفە، وەك چۆن مانەوەشیمان زۆر بەلاوە گرینگ نەبوو. هێشتا دەستێك جلوبەرگی نەدڕاندبوو كە هەم لەگەڵ دووبەرەكی و شەڕەجڕتانێ و یەكتر بوغزاندنەكانمان ڕاهات و هەمیش وای لێهاتبوو زۆر جار جنێوی گەورەگەورەی نەك بە ئێمە، بگرە بە گەورەكانیش دەدا. كەچی سەرەتاكان وەختایەك ئەو هەتیوە قۆشمانە زۆریان بۆ دێنا، ئەو هەر دەیگوت خۆزگە پێشمەرگە نەدەبوون، جا خۆم دەمزانی چتان لێ دەكەم....
 
لەو سەروبەندەدا هەستمان كرد ئاشق بووە. ئاشقی كچۆڵەیەكی وردیلەی شیرینی چاوشین ببوو. جا من بەوەڕا زانیم ئاشقی بووە كە دەمدی ناردبایانە نێو شار، بەلای ماڵی ئەواندا نەبا نەدەچوو، هەر بەلای ماڵی ئەوانیشدا دەهاتەوە و لە شاییەكیش دیتم ئەو كچە هاتە دەستی و هەتا لە گاوانییەكەیش شل شل نەبوون دەستی هەر بەرنەدا. پاش ئەو شاییە بوو كە ئەمن گومانەكەم رەوییەوە و دڵنیا بووم دڵی بە كێوەیە و ئاشقی كێ بووە. 
 
جاران كە دەیگوت پێشمەرگە نابێ ژنی هەبێ و ژن و منداڵ دەست و پێی پێشمەرگە دەبەستن، ئەوجار گوێم لێ دەبوو دژی ئەو بڕیارە بوو كە تازە دەركرابوو و گوتبوویان پێشمەرگە تا سێ ساڵ نابێ زەماوەند بكا. جا بە قۆشمەیی دەیگوت، باشە بۆ نایەن بمانخەسێنن. وەك شەڕكەرەكانی قەڵای ئەلەمووت؟ یەك دوو جار كە ئەم قسەی لێرە و لەوێ كرد، ناویان نابوو سامان ئەلەمووت. 
 
سامان ئەلەمووت رۆژێكیان بە ژنە چێشتلێنەرەكەی گوتبوو، نامەیەكم بۆ ئەو كچەتیوە چاوشینە نووسیوە و هەرچی دەكەم لە ڕووم هەڵنایە بیدەمێ. چۆن بۆم ئاگادار دەكەیەوە كە ئاخۆ لێم وەردەگرێ یان نا؟ ئەویش گوتبووی هەتیوە راوەستە با جلەكانی فێرگەت دەقیان بشكێ و جارێك چڵكن بن و بشۆرێن. ئەوە بۆ هەرچی هات لێرە خۆی دەناسێ؟ بەو قسەیە ئەوەندەی دی بەخۆیدا شكابووەوە و نامەكەی نەدابوویێ و هێنابوویەوە. دەمدی هەموو شەوێ دەیخوێندەوە و دادەنیشت سەرلەبەر دەینووسییەوە. دەمزانی شتی لێ زیاد و كەم دەكا. 
 
دڵنیا بووم هەموو جارێ چەند شیعرێكی لێ زیاد دەكا، چونكە یەك دوو دیوانە شیعری كوردی و فارسیی لە خۆی كۆكردبوونەوە و لە كاتی نووسینەوەی نامەكەدا هەر جارە و یەكێكیانی لێكدەكردەوە و سەیری هێندێ لاپەڕەی دەكردن. گوتم ئەرێ ئەلەمووت، ئەو نوشتووە چییە هەر دەینووسی و دەیپێچییەوە و دەیكەیەوە و دەینووسییەوە؟
 
تووڕە بوو، گوتی ئەوە پێوەندی بەتۆوە نییە. 
 
گوتم جا ئەگەر نامەیە و نووسیوتە، بێنە ئەمن بۆی دەبەم.
 
لە پێشدا هەستم كرد گەشاوە و كتوپڕ خۆی گرژ كرد و گوتی: دەڵێم پێوەندی بە تۆوە نییە. 
 
ئەمن خۆم تێكنەدا و گوتم، باشە ئەو ڕۆژە دوو سەعات لە دەستتدا هەڵپەڕی، پێت گوتبایە و تەواو، چ وەختی نامەنووسین و شتە؟
 
جوابی نەدامەوە، هەستا چووە دەرێ. ئێوارێ دیتم خۆی جوان جوان كردووە. شایی بەخۆ و دڵخۆش چەكەكەی لە شانیدایە و دێ و دەچێ. 
 
گوتم ها ئەلەمووت، دەچیەوە ناوچە؟
 
گوتی: نا ئەمشەو رێوڕەسمە. ئەمنیش لە شانۆیەكدا بەشدارم. شانۆیەكە خۆم نووسیومە...
 
شانسی هەبوو خۆم تۆزێك لەخۆوە بێتاقەت بووم و ئیتر سەرم نەكردە سەری و بەجێمهێشت. ئەمن نەچوومە رێوڕەسمەكە. چونكە دەمێك بوو لەو رێوڕەسم و شتە بێزار ببووم. كە رێوڕەسمەكە تەواو بوو، حەزم لێبوو بچم یەك دوو برادەرم لەوێ ببینم، دەمێك بوو نەمدیتبوون. پێش ئەوەی بگەمە ئاپۆرای خەڵكەكە، گرمەیەك هەستا وەك بڵێی ئاسمان ڕووخابێ، تا ئاوڕم داوە گرمەیەكی دیكە و ئاگرێك دڕی بە تاریكایی شەوەكە دا و بوو بە هەرا و هاوار هاوار.... كە گەیشتمێ، لە قەراغەوە كەوتبوو. چەكەكەی بە دەستێكەوە و نامەكەی لە دەستەكەی دیكەیدا بوو....
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی کتێبەکە

عەبدولستار مەجید چیرۆکی ئەو باوکە دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی بزووتنەوە و یەکێتی دا چووە سەر تەرمی کوڕەکەی

عەبدولستار مەجید، کتێبێک لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی، پێشمەرگایەتی و سیاسیی خۆی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. لە بەشێکی کتێبەکەدا بەناوی "دیمەنێکی جەرگبڕ" چیرۆکی باوکێکی یەکێتی دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی دا چووەتە سەر تەرمی کوڕەکەی، کە پێشمەرگەی بزووتنەوە بووە.