چل هەزار پەنجەماسی کرایە دەریاچەی دووکان
رووداو-هەولێر
بەمەبەستی زیادکردنی سامانی ماسی و لە چالاکییەکدا کە پارێزگاری سلێمانی ئامادەی بوو، چل هەزار پەنجەماسی کرایە دەریاچەی دووکان.
بە ئامادەبونی هەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی و شاهۆ عوسمان قایمقامی قەزای دووکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و لێپرسراوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕانی پەنجەماسی و بەشێکی زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندن، ئەمڕۆ شەممە چل هەزار پەنجەماسی لەجۆری کارب کرایە دەریاچەی دووکان.
بودجەی پرۆژەکە زیاتر لە دوانزە ملیۆن دینارە، کە بەگوتەی قایمقامی دووکان لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە دابینکراوە. شاهۆ عوسمان قایمقامی قەزای دووکــان رایگەیاند: "ماوەی دوساڵه لەهەوڵداین تاوەکو پرۆژەی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی کە لە دووکان هەیە جارێکی دیکە بەکاربخەنەوە تاوەکو ساڵانە رێژەیەکی زۆر لە ماسی جۆراوجۆر بکرێتە دەریاچەی دووکانەوە".
بەپێی راگەیێندراوێکی قایمقامیەتی دووکان، شاهۆ عوسمان، قایمقامی ئەو قەزایە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی دووکانی راسپاردووە کە بۆ ماوەی یەک مانگ دانانی تۆڕی بچووک قەدەخەبکەن تاوەکو ئەم پەنجەماسیانە گەورەدەبن. داواکاریش بووە لە پیشەوەرانی راوە ماسی کە هاوکارییان بکەن.
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان